بەغدا دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان ڕادەگرێت

سەیرکراوە: (1)

بەغدا دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان ڕادەگرێت.

کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق، بڕیاری دا بە شێوەیەکی کاتی دابینکردنی سەرجەم ئەو بەشە بەرهەمە نەوتییانە ڕابگرێت کە بۆ کارگە و کۆمپانیاکانی ناو هەرێمی کوردستان تەرخان کراون.

بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە بە ژمارە (١٠٣٤ / ٢٢٤٧٤) و لە ڕێکەوتی ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لەلایەن دەستەی دابینکردن و بەشی سووتەمەنیی کۆمپانیاکەوە دەرچووە، بڕیارەکە ئاراستەی سەرجەم دەستەکانی دابەشکردن، لقەکانی کۆمپانیا و دەستەی پشکنین کراوە بۆ جێبەجێکردنی.

لە نووسراوەکەدا ڕوون کراوەتەوە, کە ئەم هەنگاوە پشتی بە ڕێنماییەکانی وەزیری نەوت بەستووە کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە نووسینگەی وەزیر پێیان گەیەندراوە، و بڕیارەکە هەر لەو ڕۆژەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بروسکەکە بە واژووی حسێن مەجید ساڵح ئەلخەرسان، بریکاری یەکەمی بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیاکە دەرچووە، و تێیدا داوا کراوە ڕێکاری پێویست بگیرێتە بەر و بابەتەکە بە “زۆر گرنگ” مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

هاوکات وێنەیەک لە نووسراوەکە بۆ هەریەک لە نووسینگەی وەزیری نەوت، فەرمانگەی هونەری، وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان (بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی)، دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان و بەشە دارایی، هەماهەنگی، کۆگاکان و کەرتی تایبەتی ناو کۆمپانیاکە نێردراوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 122 Today: 2,015 📊 Click Here