سێشەممە. نیسان 21st, 2026

“بەکارهێنانی دامەزراوە حکومی و ئاینییەکان بۆ بانگەشە قەدەغەیە”

سەیرکراوە: (1.5K)

پارێزگای سلێمانی ڕایگەدەیەنێت کە وێنەگرتنی کارتی دەنگدان و بردنەژوورەوەی مۆبایل بۆ وێستگەکانی دەنگدان قەدەغیە و هەر لایەن و کاندیدێکیش دامەزراوە حکومیی و ئایینیەکان بۆ بانگەشە بەکاربهێنێت، یان کەلوپەل و کەرەستەی دامەزراوە حکومییەکان بەکاربهێنێت غەرامە دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە ڕۆژی 11ی 11 بەڕێوەبچێت.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر یاسا و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی کرایەوەو لەگەڵ پابەندبوون لەسەر یاسا و ڕێنمایی و ڕێکارەکانی پێشوو، ئەم ڕێنماییانەش پەسەندکران بەمەبەستی بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ئارام و هاوسەنگ و هەڵبژاردنێکی دروست.

لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانیدا بڕیاردرا:

١ پێویستە هەموو فەرمانگا و دامەزراوە حکومییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئەندامانی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پابەندی تەواوی بڕیارو ڕاسپاردەکانی کۆنووسی پەسەندکراوی لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ، ژمارە ٣٠٩٤٩ لە ٦/ ١٠/ ٢٠٢٥ و بڕیار و ڕاسپاردەکانی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و یاسا و بڕیارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بن، بەپێی ئەرک و تایبەتمەندیی دیاریکراوی خۆیان.

٢ پێویستە هەموو کاندید و لیست و قەوارە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، پابەندی تەواوی یاسا و بڕیار و ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی خاڵی ١ی ئەم نووسراوە بن.

٣ سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی، ڕێنمایی پێویست بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەردەکات، هەر کاندید و لیست و قەوارەیەک سەرپێچی ئەو ڕێنماییانە بکات، لەلایەن سەرۆکی یەکە کارگێڕی و بەتایبەتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەکانەوە غەرامە دەکرێن.

٤ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئۆفیسەکانیان لە پارێزگاکاندا سزای یاسایی و غەرامەی دارایی هەر کاندیدێک دەکەن، کە دامەزراوە حکومیی و ئایینیەکان بۆ بانگەشە بەکاربهێنن، یان کەلوپەل و کەرەستەی دامەزراوە حکومییەکان بەکاربهێنن.

٥ وێنەگرتنی کارتی دەنگدان و بردنە ژورەوەی مۆبایل و هەر هۆکارێکی وێنەگرتن بۆ ناو ناوەند و وێستگەکانی دەنگدان لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیشدا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

٦ لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بنکەی چاودێریکردنی بانگەشە لە سۆشیاڵ میدیاکاندا دیاریکراوەو سەرپێچیکار بەپێی ڕێنماییەکانیان تاڕادەی دورخستنەوەی کاندیدەکان لە کاندیدبوون دەڕوات، بۆیە پێویستە هەموولایەک پابەندی ڕێنماییەکان بن.

٧ هیچ کەس و دامەزراوەیەک لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا بەبێ باجی فەرمیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق مافی چاودێریکردن و سەردانیکردنی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانی نابێت.

٨ پێویستە چاودێر و ڕاگەیاندنکار و نوێنەری وڵاتان و ڕێکخراوە ناوخۆیی و دەرەکیی و نێودەوڵەتییەکان، باجی ڕێپێدانی فەرمیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیان هەبێت.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 169 Today: 2,897 📊 Click Here