عەبدولواحێد محەمەد – نووسەر
سەردەمی بانگەشەی ترەمپمان لەبیرە، باسی کۆتایهێنانی شەڕەکان و بەرقەرارکردنی ئاشتی سەرتاسەری و جیهانێکی ئارامی دەکرد.
لە پاڵ ئەوەشدا باسی ئەوەی دەکرد، ئەو کاتە من شایەنی نۆبڵی ئاشتی دەبم، دوای ئەوەی تاجی سەرۆکایەتی لەسەرنا، مەسەلەی شایستەبوونی بەو جائیزەیە کردە وێردی سەر زمانی خۆی و بە عەمەلیش کاری بۆ کرد، تاوەکو مسۆگەری بکات، هەر جارێ کە وتاریدەدا یان لە تۆڕی ‘ئێکس’ نوسینی دەنوسی شەڕەکانی دەژمارد هاوکات باسی ڕاگرتنیشیانی دەکرد.
بۆ نمونە کاتێک شەڕی پاکستان و هیندستان راگیرا، ئەوەی بۆ خۆی حساب کرد، ئەمە لە کاتێکدا ئەو دوو وڵاتە شەڕ و ئاڵۆزیەکانیان، لە سەروبەندی سەربەخۆیی پاکستانەوە ناوە ناوە هەر هەبووە، هەموو جارێش بە درککردن بە بەرپرسیاریەتی خۆیان ڕایانگرتووە، ئەمجارەش هەر بەو شێوەیە بووە پەیوەندی راستەوخۆی بە ترەمپەوە نەبوو، شەڕی کەمبۆدیا و تایلەندیش، پەیوەندی بە سیاسەت و جوگرافیاوە هەیە، جاروبار لە دایەلۆگەوە پەڕیوەتەوە بۆ شەڕ و تێکهەڵچوون، هەر خۆشیان یان بە نێوەندگیری هەندێ وڵاتی هەرێمی ڕایانگرتووە، ئەوەش پەیوەندیەکی ئەوتۆی بە ترەمپەوە نەبووە تاوەکو بە ئینجازەک بۆی حساب بکرێت.
ئازایەتی و ئاشتی خوازی ئەو پیاوە لەوەدا دەردەکەوت ئەگەر شەڕی ئۆکرانیا و روسیا یان غەزە و ئیسرائیل یان سودانیەکان و شوێنی حەساستری راگرتبا، چونکە بانگەشەکەی راست نەبوو، خراپتری کرد.
بینیمان کە باسی ئەوەی کرد شەڕی ئۆکرانیا رادەگرم، سەرەتا لەگەڵ زلینیسکی کۆبوەوە، بە ئاشکرا داوای لێکرد بەشی شێر لە کانزا گران بەهاکان و سامانی سروشتی وڵاتەکەی بە ئەمریکا بدات، لەبری ئەو هاوکاریە سىەربازیەی لە سەردەمی دیموکراتەکان پێیاندراوە، دەرچوو بانگەشەی راوەستاندنی شەڕ بۆ دەسکەوتی ماددی بوو، نەک بۆ بەرجەستەکردنی ئاشتی، بەڵام کە وەڵامەکە بە پێی پێویست نەبوو، ئەوەتا شەڕەکە هەر بەردەوامە و ئاشتیەکەش بووە قوربانی حەزی نەوت و سامانی کانزایی و پارە.
ئێستا خەریکە ماهیەتی ئەو پیاوە بە تەواوی ڕووندەبێتەوە، کە بریتیە لە نەوت و پارە نەک لە ئۆکرانیا بگرە لە هەموو شوێنەکانیتر، بانگەشەشی بۆ ئاشتی و خەڵاتی نۆبڵ، بۆ ئەوە بوو ئەو حەزانە لە پاڵیەوە بشارێتەوە، سەرەنجام کە زانی ئەو داوایەی بڕناکات و کەس نایخوێنێتەوە، دەمامکەکەی خۆی لاداو کەڵبەکانی جیڕکردەوە و بە ڕاست و چەپ هەوڵی مۆنۆپۆلکردنی سەرخان و بنخانی وڵاتان دەدات، چ ئەوانەی دۆستی ئەمریکان، چ ئەوانەی دوژمنن یان بەلای کەم رازی نین بچنە ژێرباری حەزە سادیستیەکانی، ئەوەتا بە ئاشکرا و بێ پەردە باس لە کێشانەوەی پارە دەکات، بە تایبەت لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بە پاساوی پاراستنیان، کاتێک دەڵێت لە سعودیە دوو ترلیۆن دینار و لە ئیمارات و قەتەر هەر یەکە و یەک ترلیۆن دۆلارم لەگەڵ خۆم بۆ ئەمریکا هێنایەوە، ئەوەندەی بە ئاشکرا راگەیاندووە دڵنیام لە ژێرەوەش هەر وەریگرتووە، بەڵام لەبەر رای گشتی ئەو وڵاتانە و ناوخۆی ئەمریکا هەمووی ناڵێت.
لە ڕاستیدا کەڵکەڵە و غروریەتی ئەو پیاوە ئەوەندە پەرەی سەندووە سنوری دبلۆماسیەتی نەرم و سەفەقاتی ئابووری و بازرگانی تێپەڕاندووە، کار گەیشتۆتە چاوسورکردنەوە و دواجاریش قەرسەنە و بەکارهێنانی هێز، گەواهی ئەو راستیەش زۆرە، لەوانە هەڵکوتانە سەر فەنزوێللا و دزینی سەرۆک و هاوژینەکەی و راگەیاندنی دەستەبەرکردنی نەوتەکەیان، سێ مانگی رەبەقیشە ئابلۆقەی خستۆتە سەر وڵاتی کوبا و ناهێڵێت هیچ سوتەمەنیەکیان بۆ بچێت، راستە کوبا سامانی سروشتی زۆر نییە، بەڵام بە نایاری سەرسەختی دادەنێت، چونکە رازی نین بچنە ژێر هەیمەنەی ئەمریکا.
ئەوە شەڕی ئێرانیش کە ماوەی ٤٦ رۆژ زیاترە دەستی پێکردووە و دوور نیە درێژەشی هەبێت، هەر چەندە من سیاسەتی حکومەتی ئێرانم بە دڵ نیە بەوەی ئەو هەموو دەست و لاقەی لێرەو لەوێ دروست کردووە و سامانی وڵاتەکەی دوور لە ئیرادە گشتی بەهەدەر دەدات، بەڵام بە ئیمتیاز ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەیکەن شەڕ پێ فرۆشتنە و بۆ چەند مەبەستێکە، لەوانە :
١-پاراستنی ئەمنیەتی ئیسرائیل.
٢-کۆنترۆلکردنی تەنگەی هورمز و ئاوەگەرمەکان.
٣-بەردەوامیدان بە ئاڵۆزیەکان لە دەڤەرەکە و کێشانەوەی پارە، چونکە ئەمریکا وەکو مانگای شیردەر تەماشای ئەو وڵاتانە بەلای کەم کەنداو دەکات.
٤-ناچارکردنی ئێران بە هەڵکردنی ئاڵای سپی و چونە ژێر باری داواناڕەواکانیان.
لەوانە زیاتر هیچیتر نییە، باسی هەر پاساوێک بکەن راست نییە، بڕوام وایە ئەوەی ئێستا دەوترێت لە سڕینەوەی شارستانیەت و وێرانکردنی هەموو جومگەکان و دوای ئەوە نۆرەی کوبا دێت، بە یەکجاری ئەوەی ڕوونکردۆتەوە، بانگەشەی ئاشتی و خەڵاتی نۆبڵ تەنها و تەنها دەسپێکبوو بۆ خافڵاندنی جیهان، مەبەستیش لە پشتیەوە دەست بەسەراگرتنی هەموو شتێک بوو ئەگەر بۆیان ممکن بێت.
ئەوەیان لای من ساغبۆتەوە، بەڵام هێشتا لە شێوەی پرسیارە لای هەندێک کەس و لایەن، بۆیە خوێندنەوەی زۆری دەوێت، با بزانین بۆ چیتر سەردەکێشێ.
