پارێزگاری هەولێر ئاشكرای دەكات، بەم زووانە دوو سایدی گۆمەسپان- سماقوڵی بەڕووی شۆفێران دەكرێتەوە و دەشڵێت: ڕێگایەکی ستراتیژی و گرنگە و هەردوو پارێزگای ( هەولێر و سلێمانی ) بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شەممە 2025.10.18، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان، پڕۆژەی دووسایدی ( گۆمەسپان – سماقووڵی )مان بەسەرکردەوە، کە لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەگوژمەی ( 210 ملیار دینار) بە باشترین شێوە و كوالێتیی بەرزی شەقام و بە دەستی کرێکاری خۆماڵی لەلایەن کۆمپانیایی هێمن گرووپ دروستكراوە.
دەشڵێت: لەو نزیكانە بەڕووی شوفێران و هاووڵاتییان دەكرێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، وێرای دەستخۆشیمان لە سەرپەرشتیار و ئەندازیار و کرێکاران و کۆمپانیایی هێمن گرووپ، کە شەو و ڕۆژ بێ وەستان کاریان لەو پڕۆژە گرنگەی شاری هەولێر كردووە، کە ڕێگایەکی ستراتیژی و گرنگە و هەردوو پارێزگای ( هەولێر و سلێمانی ) بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
ڕوونیشی كردۆتەوە، ڕێگای ( گۆمەسپان – سماقووڵی ) بە درێژی 30 كیلۆمەتر بۆتە دووساید، جگە لە پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان، لە ڕووی گەشتیاری و بازرگانیشەوە سوودی زۆری دەبێت بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
