سەیرکراوە: (1.1K)
عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان _ پەکەکە ڕایگەیاند، بە یاسایی داننان بە مافی کورددا جەوهەری ئاشتییە و مافی هیواش پێوەرێکی گرنگ و بنەڕەتییە دەبێت دەوڵەتی تورکیا جێبەجێی بکات.
ئۆجالان، لە نوێترین دیداریدا لەگەڵ تیمی پارێزەرانی لە ئیمرالی باسی لەوەکرد: تا ئێستا کورد لەناو یاسای تورکیادا بوونی نەبووە، بەڵکو لە دەرەوەی یاسا جێهێڵدرابوون، کورد بە نەبوو هەژمارکرابوو.
ئەوەشی وتووە، ئێستا دەبێت دیموکراسیی بەدیبێت، داننان بە ماف و بوونی کورددا بەڕێگەی یاسایی جەوهەری ئاشتییە، هەموو کەس ئەو مافەی هەیە ئازادانە گوزارشت لەخۆی بکات.
لەبارەی مافی هیواوە ئۆجالان، بە تیمی پارێزەرانی ڕاگەیاندوە: مافی هیوا پێوەرێکی بنەڕەتی و گرنگە و کاریگەریی لەسەر هەزاران کەس هەیە، بۆیە دەبێت دەوڵەتی تورکیا بیگرێتەبەر و جێبەجێی بکات.
