کاکە جوان ئەحمەد پیرۆت
لە مێژووی سەرهەڵدانی تیۆرییە ئابوورییەکاندا لە جیهان، هیچ زانایەک و بیرمەندێک نەیتوانیوە بەو داهێنانە سەرسوڕهێنەرە بگات کە نوخبەی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دایانهێناوە؛ ئەویش مۆدێلی “مووچەکە دوابخە، پسوولەکە ببڕە، و لە کۆتاییشدا هاوڵاتییەکە تاوانبار بکە!”. ئەم حکومەتەی کە سەردەمانێک گوێی ئاسمانی کەڕ کردبوو بە دروشمی بریقەداری “ئابووریی سەربەخۆ” و بەڵێنی ئەوەی دەدا کە بە فرۆشتنی نەوت، هەرێمی کوردستان دەکاتە پاریس و دوبەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا گەیشتووەتە ئاستێک کە گەورەترین سەرچاوەی داهاتی بووەتە گیرفانی دڕاو و خاڵیی فەرمانبەرەکانی. سیستەمەکە زۆر بە سادەیی و بەوپەڕی بێشەرمییەوە کار دەکات؛ سەرەتا بۆ چەندین مانگ مووچەی مامۆستا، پزیشک، و فەرمانبەری سادە ڕادەگرێت و دەیانخاتە ژێر باری قەرزێکی قورسەوە، پاشان هەر کە کاتی دابەشکردنی مووچەیەک یان نیوە مووچەیەک دێت، یەکسەر وەکو قەرزدەرێکی بێبەزەیی پەلاماری گیرفانیان دەدات و پسوولەی ئاو، کارەبای پێوەری زیرەک، باجی زبڵ و خاشاک، و دەیان جۆری تری ڕسووماتیان بەسەردا دەسەپێنێت.
ئەمە لوتکەی گاڵتەجاڕی و داڕمانی ئەخلاقیی حوکمڕانییە کاتێک باوکێکی ماندوو دەبێت باجی قەیرانە دروستکراوەکانی دەسەڵات بدات لەبری ئەوەی پاداشتی ماندووبوونەکەی وەربگرێت. ئەوانەی کە بەڵێنیان دەدا نەوت دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ نەوەکان و کارەبا دەبێتە بیست و چوار کاتژمێری، نەک هەر بەڵێنەکانیان بردە ژێر گڵ و مۆەلیدەی ئەهلییان کردە میراتێکی هەمیشەیی، بەڵکو ئێستا وەها مامەڵە دەکەن کە گوایە هۆکاری داڕمانی کارەبا و ئابووری، ئەو فەرمانبەرە داماوەیە کە لە ماڵەکەی خۆیدا سپلێتێکی پێکردووە بۆ ئەوەی منداڵەکەی لە گەرما نەخنکێت! دەسەڵاتداران لەناو کۆشکە گەورە و فێنکەکانیاندا دانیشتوون و هیچ جۆرە باجێکیان لەسەر نییە، کەچی لەسەر شاشەکانەوە هاوڵاتیی بێمووچە تاوانبار دەکەن بەوەی کە “بەفیڕۆدەرە” یان “هەستی نیشتمانیی لاوازە” ئەگەر نەتوانێت باجەکانی حکومەت بدات. ئەم مۆدێلە نوێیە، هاوڵاتیی لە مرۆڤێکی خاوەن کەرامەتەوە گۆڕیوە بۆ تەنیا ئامێرێکی پارە ڕاکێشان بۆ حکومەتێکی مایەپووچ. کاتێک دەسەڵاتێک ناتوانێت خزمەتگوزاری دابین بکات، دەبوو شەرمەزار بێت و دەستلەکاربکێشێتەوە،
بەڵام لێرە حکومەت نەک هەر شەرمەزار نییە، بەڵکو وەکو قوربانییەک خۆی نیشان دەدات و هاوڵاتیی بێدەسەڵاتیش دەکاتە تاوانباری یەکەم. ئەمەیە ئەو واقیعە وێرانەیەی کە تێیدا خەڵک پێش ئەوەی کرێی ئارەقەی ناوچەوانی وەربگرێت، دەبێت باجی بێتوانایی، لووتبەرزی، و گەندەڵیی سەرکردەکانی بدات













Leave a Reply