باجی دوولایەنە، تاڵانییەکی بێسنوور

سەیرکراوە: (15.0K)

زانیار ڕێبوار

بازاڕێکی ساختە کە تێیدا خاوەن دوکانەکە سەرەتا پارەی کاڵاکەت لێ وەردەگرێت، بەڵام لەبری پێدانی کاڵاکە، دەرگات لێ دادەخات و ناچارت دەکات بچیتە کۆڵانی پشتەوە بۆ ئەوەی هەمان کاڵا لە قاچاخچییەکەی ئەو بە گرانتر بکڕیتەوە؛ حوکمڕانیی پارتی و یەکێتی لە هەرێمی کوردستانیش ڕێک بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ گیرفان و ژیانی خەڵکدا دەکات. لە نیشتمانێکدا کە هاوڵاتی بە ناوی باج و ڕسومات و داهاتی ناوخۆوە خەزێنەی دەوڵەت پڕ دەکات، بەڵام کاتێک نەخۆش دەکەوێت دەبێت بچێتە نەخۆشخانەی تایبەت، کاتێک کارەبای دەوێت دەبێت پارە بە مۆلیدە بدات، و کاتێک ئاسایشی دەوێت دەبێت پاسەوان بۆ کۆڵانەکەی بگرێت. ئەمە حکومەت نییە کە خزمەت بکات؛ ئەمە بازگەیەکی چەتەگەرییە کە باجی ناڕەوا وەردەگرێت لەسەر ئەو خزمەتگوزارییانەی کە هەرگیز پێشکەشیان ناکات. هاوڵاتیی کورد بە کردەیی دوو جار باج دەدات: جارێک بۆ بژێویی ئەو دەوڵەتەی کە بوونی نییە، و جارێکی تریش بۆ ئەو ئابوورییە سێبەرەی کە بۆ جێگرتنەوەی دەوڵەتەکە دروست کراوە.

ئەم تاڵانییە دوولایەنەیە، هەڵەیەکی کارگێڕی یان نەبوونی بودجە نییە؛ ئەمە ستراتیژی مانەوەی ئەو تاڵانچییانەیە کە نیشتمانیان کردووەتە موڵکی شەخسی. کاتێک حکومەت خزمەتگوزارییە گشتییەکان وێران دەکات، ئامانجەکە ئەوەیە کە کۆمپانیاکانی سەر بە گیرفانی حیزب بتوانن هەمان خزمەتگوزاری بە گرانترین نرخ بە خەڵک بفرۆشنەوە. لەبری دەوڵەتێکی خزمەتگوزار، ئێمە بووینەتە قوربانیی کۆمپانیایەکی قۆرخکار کە هەموو جوڵەیەکمان لێ دەکاتە پارە.

“خۆشگوزەرانیی گەل و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، هەمیشە باشترین پاساو و ئەلیبی بووە بۆ ستەمکاران. ئەمەش ڕێک هەمان ئەو تاڵانکارییەیە کە لە سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپادا لەلایەن دەرەبەگەکانی (فیۆداڵەکان)ەوە دەکرا، کاتێک جوتیارەکان نەک هەر دەبوایە بەشێکی گەورەی بەرهەمەکانیان وەک باج بدەنە خاوەن زەوییەکە، بەڵکو ناچاریش دەکران جارێکی تر پارە بدەن تەنها بۆ ئەوەی ئاشی دەرەبەگەکە بۆ هاڕینی گەنمەکانی خۆیان بەکاربهێنن. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە لە دەرەبەگەکانیش بێڕەحمترن؛ ئەوان سامانە سروشتییەکان دەفرۆشن و داهاتەکەی دەشارنەوە، پاشانیش لە ڕێگەی سەرمایەدارییەکی دڕندەوە، تەنانەت ئاو و هەوا و ڕێگاکانیش دەکەنە پڕۆژەی بازرگانی بۆ ڕووتاندنەوەی پارەی دزراوی میللەت.

لەم زەلکاوەدا، دەسەڵات وا لە هاوڵاتی دەکات کە هەست بکات تاوانبارە ئەگەر پارەی نەبێت دوو جار ژیانی خۆی بکڕێتەوە. ئەوان نایانەوێت تۆ تەنها هەژار بیت؛ ئەوان دەیانەوێت تۆ هەمیشە قەرزداری ئەو سیستەمە بیت کە مافەکانتی دزیوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 68 Today: 3,111 📊 Click Here