مەهدى حەسەن ئەحمەد
یەکێک لە دیارترین دروشمەکان و پەیامە میدیاییەکانی کابینەکەی مەسرور بارزانی، بەڵێنی دروستکردنی “کوردستانێکی ڕووناک” و سیستەمێکی مۆدێرنی کارەبا بوو کە دەیویست وەها وێنای بکات ئیتر هەرێمی کوردستان هەنگاو دەنێتە ناو ڕیزی وڵاتە پێشکەوتووەکانەوە. بەڵام ئەم خەونە خەیاڵییە زۆر خێرا ڕووبەڕووی واقیعێکی زۆر تاڵ و جیاواز دەبێتەوە کاتێک هاوڵاتییەک سەری بە دەرگای ماڵەکەیدا دەهێنێتە دەرەوە و دەبینێت کە هێشتا لە هەر گەڕەکێکدا مۆەلیدەیەکی زەبەلاح وەک پەیکەرێکی ڕەشی بێزارکەر وەستاوە و دووکەڵ و ژەهر بەسەر ماڵەکاندا دەڕێژێت.
ئەمە ئەو دژیەکییە کۆمیدییەیە کە تێیدا حکومەت بانگەشەی شۆڕشی کارەبا و بەکارهێنانی پێوەری زیرەک دەکات، کەچی سیستەمی بژێوی و ئابووریی هاوڵاتییان هێشتا بە تەواوی گرێدراوە بە تەعریفە و خشتەی مۆەلیدە ئەهلییەکانەوە. خەڵک بە حەقەوە پرسیار دەکات: ئەگەر ڤیژن و پلانی کەرتی وزە هێندە سەرکەوتوو بوو و ملیارەها دۆلاری بۆ خەرج کرا، ئیتر بۆچی مۆەلیدە تایبەتەکان نەک هەر نەبوونە مێژوو، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەچنە ناو وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگاوە و دەبنە بارێکی قورسی دارایی بەسەر شانی خێزانەکانەوە؟ مانەوەی مۆەلیدەکان وەکو بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی خەڵک، گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە پڕۆژەکانی حکومەت لە بنەڕەتدا شکستیان هێناوە لە دابینکردنی چارەسەرێکی ڕاستەقینە و هەمیشەییدا.
کاتێک هاوڵاتییان ناچارن بۆ مانەوە لە ژیاندا پشت بە سیستەمێکی جێگرەوەی گرانبەها و ژینگەیی وێرانکەر ببەستن، ئیتر هیچ لێدوانێک لەسەر “زیادکردنی مێگاواتەکان” ناتوانێت ئەم شکستە ئیدارەییە بشارێتەوە. مانەوەی مۆەلیدەکان واتە مانەوەی ئەو تۆڕە بازرگانییە شاراوەیەی کە تێیدا نوخبەی سیاسی و بەرپرسان لە پشتی پەردەوە قازانجێکی خەیاڵی لە کڕین و فرۆشتنی گازوایل و کارەبای ئەهلی دەکەن. دەبێت دەسەڵاتداران باش تێبگەن؛ هیچ وڵات و هەرێمێک ناتوانێت ئاهەنگی سەرکەوتن بەسەر قەیرانی کارەبادا بگێڕێت و خۆی بە براوە بزانێت، تا ئەو کاتەی هاوڵاتییەکەی ناچار بێت پارە بە جێگرەوە و مۆەلیدەی ئەهلی بدات بۆ ڕزگاربوون لە تاریکی












Leave a Reply