پێنجشەممە. نیسان 30th, 2026

پڕۆژەی پارەکێشانەوە

سەیرکراوە: (14)

عەبدولواحێد محەمەد – نووسەر

لە پێشدا دەمەوێ ئەوە بڵێم، من هەمیشە دژی زێدە خەرجکردن و دەست بڵاوی بوومە و بەردەوامیشم، دیارە ئەوە لەبەر قرچۆکی و مشت نوقاندنەووە نییە، بەڵکو ئەوە لەبەر باوەڕبوونمە بەوەی ئەوەندەی پێویستتە دەبێ خەرج بکەی یان بە کاریبهێنیت، ئەمەم لەسەر هەموو ئاستەکانە، خەرجی رۆژانە، کارەبا، ئاو، تەنانەت لە خواردن و ژەمەکانیش.

زۆر بە تایبەتی ئاو و کارەبا، چونکە ئەگەر بابەت و بوارەکانیتر تایبەتمەندی کەسی و خێزانی هەبێت، بەڵام ئەو دوو بوارە گشتیە و پەیوەندی بە هەموو کۆمەڵانی خەڵەکەوە هەیە، بۆیە بەردەوام جەختم لە خانەوادەکەی خۆم و ئەوانەشی لێمەوە نزیکن کردۆتەوە، دەست بە ئاو و کارەباوە بگرن، هەرگیز زێدەڕۆیی تێدا نەکەن، هەموو جارێکیش پێم وتوون، چەند پێتان خۆشە بەردەوام هەتان بێت، دەبێت بە قەد ئەوەندەش ئاگاتان لێبێت، تاوەکو بەسەرتانەوە نەبڕێت، لە پاڵ ئەوەشدا هەمیشە ئەوەشم بە بیر هێناونەتەوە، ئەو 35 ساڵەی تێپەڕی بیننەوە بەرچاوی خۆتان، بێ کارەبایی و بێ ئاوی چەند ناخۆش بوو، ئێستا کە بە جۆرێک لە جۆرەکان باش بووە، دەبێت زیاتر ئاگاتان لێبێت، بە تایبەت کارەبا کە ماوەیەکە لە ژێر ناوی (پڕۆژەی رۆناکی) بۆتە 24 کاتژمێر.

راستیەکەی من یەکێک بووم لەوانەی بێ چەند و چون پیشتیوانی ئەم پڕۆژەیەم کرد و زۆریش بە دڵم بوو، چونکە لە رابردوودا، وەک لە پێشدا ئاماژەم پێداوە، بە هۆی نەبوونی و پچڕپڕیەوە ئەوەندە ئازاری دەرونی و گیانیمان چەشتبوو، بەم چارەسەرە وەک راگەیاندرا شوکرانە بژێر بووین، هاوکات کە پارەکەش راگەیاندرا من پێم زۆر نەبوو بەرامبەر بە کرێی موەلیدە و پارەی کارەبای نیشتمانیەوە کە لایەنی کەمی پێداویستیەکانی لێوە بەرهەم نەدەهات، دیارە کرێی کارەباکە گلەیی زۆری لەسەر بوو، واتە هەژمارکردنی یەکەکان و نرخی دیاریکراویان، بۆ ئەوە بۆچونی جیاواز هەبوو، بە تایبەت دوای هاتنەوەی پسولەکان و پارە زۆرەکەی، هەندێک وایان لێکدەدایەوە ئەوە ئەزمونێکی تازەیە و دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم نەکراوە، هەندێکیتر دەیان وت، بە دڵنیاییەوە ئەوە یاری لەگەڵدا دەکرێت، بەشێکیتری هاونیشتمانیان رێک و رەوان رایان وابوو ئەوە جۆرێکە لە دزی و فزی و هیچیتر.

بە هەرحاڵ لێکدانەوەی من جیاواز بوو لەوانەی سەرەوە، لای من ئەگەر چی گرانبوو، بەڵام بەراورد بە رابردوو ئاسایی بوو، بە کرداریش هەروابوو، چونکە لەسەرەتای بەگەڕخستنی پرۆژەکەوە تا دوو مانگ پێش ئێستا کرێی مانگانەی کارەباکە لە نێوان ٤٠تا ٥٠ هەزار دینار تێپەڕی نەدەکرد، دیارە دەبێ ئەوەش بڵێم ئەو گوژمەیە کە دەهاتەوە بەرەنجامی ئاگاییەکی زۆر ورد بوو لەمەڕ خەرجکردنیەوە.

پێویستە بوترێ بەرمەبنای پشتیوانی کردنم لە پڕۆژەی رۆناکی، گەلێک جاران روبەڕوی رەخنە دەبوومەوە، کەچی دوای ئەوەی دوا وەسڵم بۆ هاتەوە بە تەواوی پەشیمان بوومەوە لەو پیشتیوانی و متمانەیەی بەم پرۆژەیەم هەبوو، رێک گەیشتمە ئەو باوەڕەی ئەوە پڕۆژەی رووناکی نییە، بەڵکو پڕۆژەی کێشانەوەی پارەیە بە ئیمتیاز، بە بەڵگەی ئەو وەسڵەی ئەمجارە کە خوێندنەوەکەی لە27\1\2026 تاوەکو 16\2\2026 واتە تەنها 20 رۆژ، تیایدا ئاماژە بە خەرجکردنی بڕی 908 کیلۆوات دراوە.

ئەمە لە کاتێکدا هەمان ئەو ئامێرانەمان بەکارهێناوە کە لە مانگەکانی رابردوودا بێ هیچ جیاوازیەک بە کارهاتووە، ئامادەشم بە داڕسانەوە(تەحەداوە) بێن ماڵەکەم بپشکنن لەمەڕ ئەو ئامێرانەی هەمانە و کارمان پێکردووە، جگە لەوە، ئەوەی ئەو پەشیمانبوونەوەی منی تۆخکردەوە، لێکدانەوەی بڕی پارەکەیە لە وەسڵەکە کە تەواو پێچەوانەی ئەو خشتەیە کە لە پێشدا لەلایەن حکومەتەوە راگەیاندراوە کە بەمشێوەیە بوو، لە1 تا 400 کیلۆوات بە 72 دینار، لە 400 تا 800 کیلۆوات بە 108 دینار، لە 800 تا سەروتر بە 175 دینار، دیارە ستێپیتریش هەیە، بەڵام ئەوەی من پارەکەی بەمشێوەیە هەژمارکراوە کە بەڕاستی لە پارە کێشانەوە نەچێت لە هیچیتر ناچێت.

بە جۆرێک: بڕی (٢٦٦/٦٦٧)کیلۆوات بە (٧٢)دینار بڕی(٢٦٦/٦٦٧)کیلۆوات بە(١٠٨)دینار بڕی(٢٦٦/٦٦٧)کیلۆوات بە (١٧٥)دینار بڕی(١٠٧/٩٩٩) کیلۆوات بە (٢٦٥) دینار هەموی بۆتە(١٢٣٥٠٠) هەزار دینار.

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان و پرسیارە، یەکەم بە چ خشتەیەک ئەو پارە هەژمار کراوە؟ دووەم چۆن بە (٢٠) ئەو هەموو کیلۆواتە خەرجکراوە ؟ سێهەم ئەو ژمارانە چۆن وا یەکسان دەرچووە؟

من پێموایە ئەوەی لەبارەی نرخەکانەوە رایان گەیاندبوو، تەنها بۆ چاوبەستەکێ و خافڵاندن بووە و بەس، ئەوەی ئێستا دەیکەن ئەوە راستیەکەیە، بەڕاستی عەیبەیەکی گەورەیە حکومەت فێڵ لە هاووڵاتییانی خۆی بکات و بە راستگۆیی مامەڵە نەکات، بە جۆرێک لە ڕاگەیاندنەکاندا شتێک بڵێت کەچی لە پراکتیکدا کارێکیتر بکات، بە داخەوە ئەم داکەوتە(واقیعە) ئەوەمان پێ دەڵێت، ئەوانە ئەم گەلە خێرلەخۆنەدیوە بە ئامێری (ئەی .تی.ئێم) تێدەگەن، چەند دەکرێت پارەی لێ بکێشەوە.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 234 Today: 2,689 📊 Click Here