شایان لوقمان وەهاب
قەیرانی گەورەی حوکمڕانی و کۆمەڵگە لە ژینگەی سیاسیی ئۆکتۆبەری عێراق و هەرێمی کوردستاندا، تەنیا لەوەدا کورت نابێتەوە کە دەسەڵاتداران بە ئەنقەست هۆکارەکانی سەرقاڵکردنی جەماوەر بەرهەم دەهێنن. کێشە قووڵەکە لەوەدا دەست پێ دەکات کاتێک تەواوی کەشوهەوای سیاسی و میدیایی، بێپێوەرانە ڕیزبەندیی ئەولەویەتەکانی خەڵک تێکدەدات و بەسەر کۆمەڵگەیدا دەسەپێنێت. لەم پرۆسە هێواش بەڵام کوشندەیەدا، شەڕەقسەی ڤایرۆلی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە مووچە و بژێوی ڕۆژانە گرنگتر دیار دەبێت، جەنجاڵی و ڕەفتاری ئەستێرەیەکی دروستکراوی سۆشیاڵ میدیا زۆر زیاتر لە ڕەوشی وێرانبووی نەخۆشخانەیەکی شاری زەق دەکرێتەوە، و بەڕێوەچوونی پێشبڕکێیەکی نمایشکاریی ئۆتۆمبێل سەرنجی زۆر زیاتر بەرەو خۆی ڕادەکێشێت تا داڕمانی ژێرخانی ئاو و ڕێگەوبانەکان.
ئەم ئاڵوگۆڕە ترسناکە لە هۆشیاریی کۆمەڵایەتیدا، پرسیارێکی جەوهەری و قووڵ دەهێنێتە ئاراوە: چۆن کۆمەڵگەیەک بە شێوەیەکی پلەبەپلە ڕادێت لەسەر ئەوەی بەها بە شتە بێبەهاکان بدات و پرسیارە چارەنووسسازەکان فەرامۆش بکات؟ وەڵامەکە لە شێوازی داڕشتنەوەی ژینگەی میدیایی و سیاسیی دەسەڵاتدا خۆی حەشاردابوو؛ کاتێک جەماوەر بەبەردەوامی لەژێر لافاوی هەواڵە بێئەنجام و لاوەکییەکاندا دەهێڵرێتەوە، بابەتی بڕیاردان و شیکاریی جدی لەسەر بودجە و سیاسەتە گشتییەکان وەکو بابەتێکی بێزارکەر و ناپێویست نیشان دەدرێت. لە بەرامبەردا، ئاڵۆزییە دروستکراوەکان و ڕووداوە سۆزدارییەکان وەکو قەیرانی بەپەلە و خێرا دەپێچرێنەوە. ئەم گۆڕینەی پێوەرەکان وادەکات کە هاووڵاتی وزەی فکری و سۆزداریی خۆی لەسەر بابەتگەلێک بەهەدەر ببات کە هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنییان لەسەر باشترکردنی ژیانی ڕۆژانەی نییە.
لە هەناوی ئەم تێکچوونی ئەولەویەتەدا، تاڵترین تەنز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە بگوترێت: “دەسەڵاتداران لە عێراقدا پێویست ناکات هیچ خزمەتگوزارییەک بێننە ئاراوە تا ڕەوایەتی بە خۆیان بدەن، کاتێک توانیویانە کۆمەڵگەیەک دروست بوبکەن کە داواکردنی ئاوی پاک بە بابەتێکی بێزارکەر دەزانێت، بەڵام بۆ شەڕەقسەی ئینفلۆئەنسەرێک ئامادەیە هەفتەیەک لەسەر پێ بپێت!” کاتێک شتە بێبەهاکان دەبنە سەردێڕی سەرەکیی ژیانی جەماوەر و شتە ڕاستەقینەکانیش وەک حەقێکی لەبیرکراو و بێزارکەر سەیر دەکرێن، سیستەمی تاڵانکاری لە ئارامترین قۆناغی بەردەوامیی خۆیدا جێگیر دەبێت.
داڕمانی توانای جیاکردنەوەی شتە گرنگەکان، گەورەترین زەمینە خۆش دەکات بۆ درێژەدان بە ناکارامەیی و گەندەڵی. کاتێک کۆمەڵگە چیتر نەتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان مافی سەرەتایی و کاتبەسەربردنی بێبەها، دەسەڵاتدارانیش چیتر خۆیان بە بەرپڕس ناناسن لە بەرامبەر داهاتووی نەتەوەکەدا.
چاکسازیی ڕاستەقینە کاتێک جێبەجێ دەکرێت کە کۆمەڵگە هۆشیارانە بەهای جەوهەریی دەستەواژەکانی وەک “پێویستی” و “لاوەکی” ڕاست بوبکاتەوە و بەئاگایییەوە بڕیار بدات کە چاوەکانی دوور بخاتەوە لە بەرھەمە میدیایییە بێبەهاکان، تا بتوانێت فشاربخاتە سەر ناوەندی بڕیارە سیاسی و ئابوورییەکان بۆ دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانی خۆی.














Leave a Reply