گرێبەستی پڕۆژەی ئاوی دووكان – سلێمانی3 واژۆ دەكرێت کە زیاتر لە ٤٢٣ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی شارەوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو، گرێبەستی پڕۆژەی ئاوی دووكان – سلێمانی3 لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار واژۆ دەكرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بە بڕیاری مەسرور بارزانی پڕۆژەی ئاوی دووكان-سلێمانی٣ بە گوژمەی ٤٢٣ ملیۆن و ٨٩٠ هەزار دۆلار جێبەجێ دەكرێت”
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم پڕۆژەیە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵی دیكە كێشەی كەمئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەكات و گرێبەستەکەش لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای جێبەجێكار واژۆ دەكرێت.
وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاند، “بەمەبەستی باشتر جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و گەیاندنی زۆرترین خزمەت بە خەڵكی شاری سلێمانی، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە زیادكردنی گوژمەی پڕۆژەکە لە ٣٩٨ ملیۆن و ٤٨٦ هەزار دۆلارەوە بۆ ٤٢٣ ملیۆن و ٨٩٠ هەزار دۆلار.
