گەنجە بوێرەکان وێبسایتێکی نوێ بۆ زانیارییەکانی سینەما دروست دەکەن

سەیرکراوە: (1)

تەکنەلۆژیا و خولیای فیلمە کلاسیکەکان بوونەتە دەرفەت بۆ کۆمەڵێک گەنجی بوێر تا تواناکانیان دەربخەن و وێبسایتێکی نوێ بۆ زانیارییەکان و فلیمە سینەماییەکان دروست بکەن.

مارس سینەما، وێبسایتێکی نوێی بواری فیلم و سینەمایە، نزیک 30 گەنجی لە دەوری یەکتر کۆکردووەتەوە، ماوەی نزیکی ساڵێکە بێ وچان کاردەکەن تا وێبسایتەکە بکەوێتە سەر پێی خۆی و بتوانن خزمەت بە بواری سینەما و بینەرەکان بکەن، ئەوان لە وێبسایتەکەدا زیاتر گرنگی بە فیلمە کلاسیکەکان دەدەن، وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی کوردی بۆ دەکەن. https://marscinema.net/

وەرگێڕان بۆ هەر ڤیدیۆیەک و کاری تەکنیک نزیک 9 کاتژمێری پێویستە، کارەکە ئاسان نییە، بەڵام ئەوان ئەو گەنجانە ئامانجێکی گەورەتریان هەیە، دەیانەوێت تواناکانی گەنجی کورد نیشان بدەن، کە چەند ماندوونەناسانە کاردەکەن و دەیانەوێت نوێگەری بکەن.

عەبدوڵا شاکر، بەرێوەبەری بەشی ئیدیت و بڵاوکردنەوە بە ‘خەڵک’ی ڕاگەیاند، بیرۆکەکە سەرەتا سادە بوو و خۆی لە ڕێگای پەڕەیەکی ئینستاگرامەوە زانیاری لەبارەی فیلمەکان و بەتایبەت فیلمە کلاسیکەکان بڵاودەکردەوە، خەڵک کاردانەوەیان بۆ ڤیدیۆ و زانیارییە سەرنجڕاکێشەکان زۆر باش بووە، بەڵام گرفتیان ئەوە بووە زۆرجار فیلمە کلاسیکەکان لە وێبسایتەکان بە ژێرنووسی کوردی دەستنەکەوتوون، بۆیە بڕیاریداوە کە کارەکەی لە پەڕەیەکی ئینستاگرامەوە گەورە بکات و خۆی وێبسایتێک دروستبکات.

دوای ماندوو بوونێکی زۆر، ئێستا عەبدوڵا و 30 گەنجی دیکە بەیەکەوە وێبسایتەکە بە ناوی ‘مارس سینەما’ بەڕێوەدەبەن، زۆرترین زانیاری و ڤیدیۆ دادەنێن، بینەر و وەرگرێکی باشین لە ئینستاگرام و فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە.

عەبدوڵا باسی ئەوەش دەکات، خەڵک و بینەرانی سینەما حەزیان بە زانیارییەکانی فیلم و پەیامەکانی ناو فیلمەکان هەیە، بۆیە کاردانەوە بۆ فیلم و کارەکانی وێبسایتەکە زۆرباشە، ئامانجی دواتریان گەورەترکردنی وێبسایتەکەیە و بە فەرمی ناساندنیەتی، تا بتوانن ببنە سەرچاوەی یەکەمی زانیارییەکانی بواری سینەما و فیلمەکان، بیسەلمێنن کە گەنجەکان چەند بوێرانە دەیانەوێت نوێگەری بکەن، هەوڵیش دەدەن پاڵپشت و سپۆنسەر بۆ کارەکانیان بدۆزنەوە تا کارەکایان ببێتە سەرچاوەی داهات و گەنجی زیاتری دیکەش بێتە ناو پڕۆژەکەیانەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 243 Today: 1,690 📊 Click Here