محمد علی موراد
سیاسەتی کوردی لە وڵاتی ئێمەدا بووەتە کاسێتێکی کۆنی تۆمارکراو؛ ساڵانێکە دەخرێتە سەر هەمان ئامێر و هەمان ئاوازمان بۆ دەژەنێتەوە. ئەگەر گوێ لە وتاری پارتە سیاسییەکان بگریت، وا هەست دەکەیت لە وڵاتێکی ئەسکەندەنافی دەژیت؛ لە بەیانییەوە تا ئێوارە گوێت لە وشە بریقەدارەکانی وەک “چاکسازی”، “شەفافیەت”، “دامەزراوەییبوون” و “فرەجۆرکردنی ئابووری” دەبێت. بەڵام کاتێک سەیری واقیع دەکەیت، دەبینیت ئەم وشانە تەنها باڵۆنی هەوایی قەشەنگن کە بۆ ئاسمانی هەڵبژاردنەکان هەڵدەدرێن و دواتر لەسەر زەوییەکی پڕ لە قەیران دەتەقنەوە.
سەرەڕای ئەم فەرهەنگە دەوڵەمەندە لە دروشم، هێشتا هاوڵاتیی سادە لەبەردەم پەنجەرەی فەرمانگەکاندا وەستاوە و بە دەنگێکی لەرزۆکەوە سادەترین پرسیارەکانی ژیان دەکات، ئەو پرسیارانەی کە دەبوو سەدەیەک پێش ئێستا وەڵام درابانەوە.
خەڵک دەپرسێت: باشە ئەگەر ئێمە لە لوتکەی “شەفافیەت و چاکسازی”داین، بۆچی کێشەی مووچە بووەتە نەخۆشییەکی درێژخایەن کە هیچ حەب و دەرمانێک چاکی ناکاتەوە؟ بۆچی هەر جارێک وەرزی گفتوگۆی بودجە دێت، دەبێت وڵات بکەوێتە حاڵەتی ئامادەباشی و ببێتە قەیرانێکی سیاسی کە هەڕەشە لە نانی سەرسفرەی خەڵک بکات؟
ئەگەر ئێمە خاوەنی “حکومەتی دامەزراوەیین”، ئەی خێرە بۆ پێکهێنانی کابینەیەک، دەبێت چەندین مانگ دانوستان بکرێت، وەک ئەوەی خەریکی دروستکردنی کەشتییەکی ئاسمانی بن نەک حکومەتێک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خەڵک؟ بۆچی لەم وڵاتەدا کارگەکانی بەرهەمهێنانی “بەڵێن” بەردەوام بە سێ شەفت کار دەکەن، بەڵام کارگەی دۆزینەوەی “چارەسەر” هەمیشە دەرگاکەی داخراوە و قفڵێکی گەورەی لێدراوە؟
ئاڕاستەی سیاسەتی کوردی بەرەو کوێ دەچێت؟ پرسیارێکە وەڵامەکەی لای خەڵک ڕوونە. بەرەو وێستگەیەک دەچێت کە تێیدا سیاسەتمەدار تەنها لەسەر شاشەکان دەژی و خەڵکیش لەناو قەیرانەکاندا دەمرێت. تا ئەو کاتەی وەڵامی پرسیارە سادەکانی هاوڵاتی نەدرێتەوە، گەورەترین وشەکانی فەرهەنگی سیاسیش ناتوانن برسێتی چارەسەر بکەن.














Leave a Reply