ڕێبارز محمد مەحموود
کاتێک تەماشای دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان دەکەیت، دەبینیت باڵەخانەی پەرلەمان لە شوێنی خۆی وەستاوە، نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی خەڵک خاوەن کورسی و نازناون، و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش بە فەرمی ڕاگەیەندراون و لەسەر کاغەز بوونیان هەیە؛ واتە لە ڕووی پێکهاتە، توانای دامەزراوەیی و لایەنی لۆجستییەوە هیچ کۆسپ و تەگەرەیەک لە ئارادا نییە، بەڵکو کێشە ڕاستەقینەکە لە نەبوونی ئیرادەیەکی نیشتمانیدایە لای کارەکتەرە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی گونجاو لە کاتی خۆیدا. پەککەوتن یان سڕبوونی دەسەڵاتی یاسادانان لەم نیشتمانەدا پەیوەندی بە کەمیی یاسا یان نەبوونی هۆڵی کۆبوونەوەوە نییە، بەڵکو دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو عەقڵییەتە حیزبییەیە کە بەرژەوەندییە تەسکەکان دەخاتە پێش چارەنووسی گشتی، و وا دەکات کۆمەڵگا باجی ملهوڕی و کێبڕکێی ناتەندروستی هێزەکان بدات.
کاتێک لایەنە باڵادەستەکان ناتوانن لەسەر مێزی گفتوگۆ نەرمیی پێویست بنوێنن و سازش بۆ بەرژەوەندیی خەڵک بکەن، تەواوی پڕۆسەی دیمۆکراسی و متمانەی هاوڵاتیان بە سندوقەکانی دەنگدان دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، چونکە شەقام دەبینێت دەنگەکەی کڕینی کاتە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی قەیرانەکان،
نەک بۆ چارەسەرکردنیان. دەرگاکانی باڵەخانەی پەرلەمان بە کلیل دانەخراون و پاسەوانەکان ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی کەس ناکەن، بەڵکو ئەوە خودی سیاسەت و بیرکردنەوەی سەرکردەکانە کە قفڵ کراوە و کایەی گشتیی ئیفلیج کردووە؛ بۆیە تا ئەو کاتەی ئیرادەیەکی ڕاستەقینە بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەکان لە دەرەوەی بازنەی پشککاری دروست نەبێت، کوردستان لەناو ئەم وەستانە بکوژەدا دەمێنێتەوە و هیچ سیستمێکی یاسایی ناتوانێت خەڵک لەم نائومێدییە قووڵە ڕزگار بکات.













Leave a Reply