محمد ڕەمەزان عەلى
ئاهـ و ناڵەی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە دەست ئەو کارەساتەی کە ناوی “دەوڵەت و پەرلەمانە”، گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەردەوام ڕاپۆرت لەسەر داڕمانی ئەم وڵاتە دەنووسن ! لە غەززەوە کە خۆیان لەناو جەنگدان، تا دەگاتە وڵاتانی تر، هەمووان دەزانن کە عێراق خاوەنی گەورەترین داهاتی نەوتە، بەڵام زیاتر لە ٣٠٪ی خەڵکەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و گەنجەکانیشی بێکارن ! کەچی لێرە شتێکی سەیر دەبینین؛ پەرلەمانتاران و سەرۆک کوتلەکان دێنە سەر شاشەکان و وەک ماری ئەنتوانێت کە بە خەڵکی برسی فەرەنسای دەگوت “ئەگەر نانتان نییە، کێک بخۆن”، ئەمانیش بە ئێمە دەڵێن “ئەگەر خزمەتگوزاری و کارتان نییە، دڵتەنگ مەبن، ئێمە یاسای چاکسازیمان دەرکردووە!”
خەڵکی عێراق لە بەسڕەوە تا دەگاتە زاخۆ، بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، خراپیی کارەبا، و داڕمانی ژێرخانەوە دەناڵێنن ، کەچی حکومەت و پەرلەمان دێن لەوێش شەڕە بەیاننامە و شەڕە یاسا دەکەن! ئەوان بەردەوام “کۆدی هەڵسوکەوت و یاسای نەهێشتنی گەندەڵی” دەردەکەن ، بەڵام ئەم بڕیارانە تەنها بۆ سەر کاغەزن و هیچ کاریگەرییەکیان لە واقیعدا نییە. ئەوان کارەساتێکی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتییان بەسەر ئەم وڵاتەدا هێناوە، دەیانەوێت ئەوەندەی تر کەرامەتی خەڵک بشکێنن و بە فرمێسکی تیمساحیی سەر شاشەکان، وا نیشان بدەن کە خەمخۆری گەلن، لە کاتێکدا لیژنەکانی نەزاهە و دادگاکانیشیان کردووەتە پاشکۆی حیزب و هیچ سەربەخۆییەکیان نەهێشتووە !
ناهەقیان ناگرم، ئەوان دوای زیاتر لە بیست ساڵ حوکمڕانی ، ئێستاش نەیانتوانیوە سوپایەک یان دامەزراوەیەکی نیشتمانیی بێگەرد دروست بکەن کە سەر بە کوتلە سیاسییەکان نەبێت. کاتێک تۆ پەرلەمانەکەت بۆ ماوەی چەندین مانگ ئیفلیج دەبێت تەنها لەبەر ئەوەی کوتلەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستی سەرۆک وەزیران یان سەرۆک کۆمار ڕێکناکەون ، ئیدی چۆن توانا یان ئیرادەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەژاریت هەیە؟ ئەوان بڕیارەکان تەنها بۆ پاراستنی سەرمایەی خۆیان دەدەن و کاتێکیش پێویست بکات، سامانەکەیان دەشارنەوە و ڕەتیدەکەنەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
خەڵک کەرامەتی هەیە، مەیانخەنە سەر شاشە و یاسا و بڕیارە بێ گیانەکانتانیان پێ مەفرۆشنەوە. ئێمە ئەو پەرلەمانەمان ناوێت کە تەنها بۆ پاسەوانیکردنی بەرژەوەندیی مافیاکان کار دەکات. خۆ ئەگەر ئێوەش نەبن، خەڵک دەزانێت چۆن نیشتمانێک بنیات بنێت کە تێیدا نەوت ببێتە خزمەتگوزاری نەک ڤێلا بۆ بەرپرسان. بەڵام پێم بڵێن وجودی ئێوە دەوری چییە، کاتێک یاساکانتان ناتوانێت یەک گەندەڵکار بگرێت ؟
رۆژان رۆژی لەدوایە، نەمرین چارەنووسی ئێوەش دەبینین کە وەک شاژنە ماری ئەنتوانێت و دارودەستەکەی دەکەونە بەردەستی خەڵک و گەلی برسی تۆڵەی ئەو هەموو ساڵە بڕیارە درۆینە و دزییەتان لێ دەکاتەوە!
