هەینی. ئازار 6th, 2026

وەزارەتی نەوت وردەکاری ڕێککەوتنەکە لەگەڵ کوردستان ئاشکرا دەکات

سەیرکراوە: (1.1K)

وەزارەتی نەوتی عێراق وردەکاری ڕێککەوتنیان لەگەل حکومەتی هەرێم لەسەر نەوت ئاشکرا دەکات و دەڵێت”هەنگاوێکی گرنگە بۆ دابەشکردنی سامانی وڵات بە یەکسانی بەسەر گەلانی عێراقدا بەپێی دەستوور”.

وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە 25ـی ئەیلولی 2025 ڕایگەیاند، گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنی هەناردە و ڕادەستکردنی سەرجەم نەوتە خاوەکانی بەرهەمهێنراو لەو کێڵگانەی کە دەکەونە هەرێمی کوردستان، جگە لەو بڕەی کە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ تەرخانکراوە، ئەمەش لەڕیگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) لە ناوخۆی عێراق.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە “کۆمپانیاکە بەرپرسیارە لە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیا لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، بەپێی ڕێکارە پەسەندکراوەکان و دەستوور و بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەم ڕێککەوتنە دەرئەنجامی هەوڵە چڕوپڕەکان و گفتوگۆی بەردەوامە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، کە سەرچاوەی گرتووە لە دیدگایەکی نیشتمانی هاوبەشەوە کە ئامانج لێی بەهێزکردنی ڕۆڵی عێراق وەک دەوڵەتێکی سەرەکی لە بازاڕی وزەی جیهانی و پاراستنی سەروەری وڵات و بەرگریکردنە لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی و مافەکانی هەموو عێراقییەکان”.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ، رێککەوتنەکە بریتییە لە دانانی میکانیزمی تەکنیکی و هەنگاوی ڕوون بۆ دەستەبەرکردنی چۆنێتی هەناردەکردن و پابەندبوون بە شەفافیەت لە داهاتی نەوتدا، ئەمەش بەشدارە لە بەهێزکردنی دارایی گشتی دەوڵەت و زیادکردنی داهاتی بودجەی فیدراڵی. کە کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر توانای حکومەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری و گەشەپێدان و دابینکردنی بناغەکانی سەقامگیری ئابووری بۆ عێراق و خەڵکەکەی لە باکوورەوە بۆ باشوور و لە ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا.

وەزارەتی نەوت دووپاتی کردەوە “پابەندبوونی پتەوی خۆی بە بەڕێوەبردنی سەرچاوە نەوتییەکان بە پێی پرەنسیپی سەروەری نیشتمانی و بەرژەوەندی باڵای وڵات، دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەروەت و سامان لەنێوان هەموو عێراقییەکان بەپێی دەستوور”.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 68 Today: 2,456 📊 Click Here