مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، گەنجانمان خۆیان توانیویانە هەم داهێنان بكەن هەم بەشدار بن لەم پێشكەوتنە تەكنەلۆژیایەی كە لە سەرانسەری جیهان هەیە، ئەمەش جێی دڵخۆشییە و ئومێدم زۆرە كە كوردستان ئاییندەیەكی گەشی دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشانگەی تەکنەلۆژیا HITEX 2025 لە شاری هەولێر كردەوە.
سەرۆكی حكومەت بەشەكانی پێشانگەكەی بەسەر كردەوە كە زیاتر لە 120 كۆمپانیای ناوخۆ و دەرەوە بەشدارییان تێدا کردووە.
سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن وتی؛ چەند ساڵێكە من دێم بەشدار دەبم، هەموو ساڵێک دەبینم پێشكەوتنی زیاتر هەیە و خەڵكێكی شارەزا لە كوردستان هەڵكەوتووە، گەنجانمان خۆیان توانیویانە هەم داهێنان بكەن هەم بەشدار بن لەم پێشكەوتنە تەكنەلۆژیایەی كە لە سەرانسەری جیهان هەیە، ئەمەش جێی دڵخۆشییە و ئومێدم زۆرە كە كوردستان ئاییندەیەكی گەشی دەبێت.
