ڕووسیا ڤاکسینی شێرپەنجەی بەسەرکەوتوویی تاقیکردەوە و دەڵێت”ڤاکسینەکە ئامادەیە بۆ بەکارهێنان و چاوەڕوانی ئۆکەین”.
ئەمڕۆ یەک شەممە، 7ـی ئەیلوولی 2025، بەپێی ڕاپۆرتی تاس کە پیگەی”ئیکۆنۆمیکتایمز” بڵاویکردۆتەوە، ڤێرۆنیکا سکڤۆرتسۆڤا، سەرۆکی دەزگای فیدراڵی پزیشکی و بایۆلۆجی (FMBA) لە کۆڕبەندی ئابووری ڕۆژهەڵات (EEF) ڕایگەیاند، ڤاکسینی شێرپەنجەی ڕووسیا بە سەرکەوتوویی تاقیکردنەوەکانی پێش کلینیکی تەواوکردووە، هەم سەلامەتی و هەم کاریگەری بەرزی نیشانداوە.
سکڤۆرتسۆڤا دەڵێت “توێژینەوەکە چەند ساڵێکی خایاندووە، سێ ساڵی کۆتایی تایبەت بووە بە توێژینەوەکانی پێش کلینیکی ئیجباری، و ئێستا ڤاکسینەکە ئامادەیە بۆ بەکارهێنان و چاوەڕێی ڕەزامەندی فەرمی دەکەین”.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەنجامەکانی پێش کلینیکی سەلامەتی ڤاکسینەکەیان پشتڕاستکردەوە، تەنانەت بە دووبارە بەڕێوەبردنی، و کاریگەرییە بەرچاوەکانیان هەڵسەنگاندووە، و توێژەران تێبینی کەمبوونەوەی قەبارەی وەرەم و خاوبوونەوەی گەشەی وەرەمیان کردووە.
بەپێی راپۆرتەکە، ئامانجی سەرەتایی ئەم ڤاکسینە شێرپەنجەی کۆڵۆن و ڕیخۆڵە دەبێت، جگە لەوەش پێشکەوتنی ئومێدبەخش لە پەرەپێدانی ڤاکسینی گلیۆبلاستۆما و جۆرە تایبەتەکانی میلانۆمادا بەدەست هاتووە، لەوانەش میلانۆمای چاو، کە لە ئێستادا لە قۆناغی پێشکەوتووی گەشەکردندان.
زۆربەی خەڵک ئاشنان بەو ڤاکسینانەی کە بۆ خۆپاراستن لە هەوکردنەکانی وەک سورێژە و کۆکە بەکاردەهێنرێن. ئەوان بە ڕاهێنانی سیستەمی بەرگری لەش بۆ ناسینەوە و وەڵامدانەوەی میکرۆبەکانی زیانبەخش کاردەکەن. بەڵام دەتوانرێت هەندێک لە ڤاکسینەکان بە شێوەیەک دیزاین بکرێن کە یارمەتی سیستەمی بەرگری لەش بدات بۆ ناسینەوە و ئامانجکردنی خانە شێرپەنجەییەکان.
پێشتر کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە ئێستادا ڤاکسینی شێرپەنجە بۆ هەندێک شێرپەنجەی پرۆستات و میزڵدان بەردەستە و لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر دەکرێت.
سکڤۆرتسۆڤا دەشڵێت”ئەوەی ئەم ڤاکسینەی ناوازە کردووە، ئەو توانایەیەتی لە دروستکردنی کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر سیستمی بەرگریی لەش و یارمەتیدانی جەستە بۆ ناسینەوە و بەرەنگاربوونەوەی خانە شێرپەنجەییەکان”.
