كەشناسێكی هەرێم، هاووڵاتیان لەهەڵكردنی رەشەبایەكی بەهێز لەسنوری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئاگاداركردەوە و هاوكات خۆڵبارین دەستپێدەكاتەوە.
شاڵاو هیددایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەو حاڵەتە لاوازەی باران و هەورە بروسک بۆ ناوچەکانی باکووری هەرێم زیاتر، کە دەیانگرێتەوە لە مەودای ئەمشەو تا بەرەبەیان شەپۆلێکی خۆڵبارینیش ناوچە جیاوازەکان دەگرێتەوە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ڕاشیگەیاند، خێرایی با لە مشەو درەنگان و بەولاوە بەرەو چالاکی و زیاد بوون دەچێت و سبەی چالاکی زیاتر دەبێت .
لای خۆشیەوە، سالار عەلی، شارەزای كەشناسی دەڵێت: لە سبەینێوە 13ی 10ی 2025 خێرایی بای باشور و بای باشوری ڕۆژهەڵات زۆر چالاک دەبێت، بەجۆرێك خێراییەكەی دەگاتە 40 بۆ سەروو 60کم لەکاتژمێرێکدا، ئەم بایە لە سنوری شاری سلێمانی و شاری هەڵەبجە و ناوچە سنوریەکانیش بە گشتی زۆر چالاک دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكردوە، كە ئەگەری بەرزبونەوەی تۆز و خۆڵ هەیە بەهۆی زیادبوونی خێرایی باوە.
