لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە، واتسئەپ پێویستی بە ژمارەی تەلەفۆن هەیە بۆ تۆمارکردن، کە وەک ناسنامەی سەرەکی بەکارهێنەر کاردەکات.
بەڵام پێدەچێت ئەم ئەپی نامە ناردنی بەناوبانگە بەم زووانە ڕێگە بە پەیوەندیکردن لە ڕێگەی ناوی بەکارهێنەرەوە بدات، ئەمەش تایبەتمەندییەکە ساڵانێکە لە ئەپەکانی دیکەی وەک تێلێگرام و سیگناڵدا بەردەستە.
بەپێی ماڵپەڕی “wabetainfo” لە نوێترین وەشانی تاقیکاریدا بۆ ئەندرۆید، ئەپەکە بژاردەی ڕێکخستنەکانی زیادکردووە کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات پێش خستنەبازاڕی فەرمی سیستەمی تەواو ناوی بەکارهێنەرەکەیان خەزن بکەن.
ئەمەش واتە بەکارهێنەرانی ئاسایی بەم زووانە دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن و ناوی بەکارهێنەری دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن پێش ئەوەی سیستەمەکە بۆ هەمووان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەم هەنگاوە واتسئەپ هەوڵدەدات دادپەروەری لە سیستەمی نوێدا مسۆگەر بکات، بۆ ئەوەی ئەوانەی پێشوەختە وەریدەگرن نەتوانن ناوی بەکارهێنەرە بەناوبانگەکان پێش ئەوانی دیکە بگرنە دەست.
پێداویستیەکانی دروستکردنی ناوی بەکارهێنەری واتسئەپ سروشتییە هەندێک ڕێسا هەیە کە دەبێت پەیڕەو بکرێت: 1- ناوی بەکارهێنەر ناتوانێت بە “www” دەست پێ بکات. 2- دەبێت لانیکەم یەک وشەی تێدابێت. 3- تەنها پیتی بچووک و ژمارە و خاڵ و هێمای ژێر (_) ڕێگەپێدراوە.
پێشبینی دەکرێت ئەم تایبەتمەندییە ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی تایبەتمەندی واتسئەپ، چونکە زۆرێک لە بەکارهێنەران ناڕەحەت دەبن لە هاوبەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنەکانیان لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بە باشی نایانناسن.
بەم سیستەمە نوێیە بەکارهێنەران دەتوانن تەنها بە بەکارهێنانی ناوی بەکارهێنەرەکەیان پەیوەندی بکەن بەبێ ئەوەی پێویست بکات ژمارەی تەلەفۆنەکەیان ئاشکرا بکات.
