تیمی حکومیی عێراق بۆ پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە و کارایی وزە ڕایگەیاند کە نزیکەی 300 قوتابخانەی نوێ و 500 بینای حکومی سوودمەند دەبن لە گۆڕینی سیستەمی کارەبایان بۆ وزەی خۆر.
ئەحمەد عەبدولواحید، ئەندامی تیمی حکومیی پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە و کارایی وزە، ڕایگەیاند کە لیستی پێشووی ئەو بینا حکومییانەی گواستراونەتەوە بۆ بەکارهێنانی وزەی خۆر، نیشان دەدات کە هەندێکیان تەواو بوون و هەندێکیشیان هێشتا لە قۆناغی جێبەجێکردندان. ئاماژەی بەوەدا کە لیستی نوێی بیناکان کە بۆ پلانی ساڵی داهاتوو دانراوە، لە قۆناغی کۆتایی ئامادەکردنی تێبینییەکان و بەرزکردنەوەیەتی بۆ وەرگرتنی تەرخانکردنی دارایی.
ڕوونیشیکردەوە کە زیاتر لە500 بینای حکومی سوودمەند دەبن لە وزەی خۆر، کە نزیکەی300 یان قوتابخانەن، و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم شوێنانە بەسەر15 پارێزگای عێراقدا دابەش کراون، بەبێ هەرێمی کوردستان.
عەبدولواحید دووپاتی کردەوە کە خستنە نێو پلانی ساڵی داهاتووی پڕۆژەکان پەیوەستە بە بوونی تەرخانکردنی دارایی، و پشتڕاستی کردەوە کە داتای سەرەتایی زیاتر لە 14 هەزار بینای حکومی ئامادەکراوە.
الی خۆیەوە سوهەیلە سوڵتانی، ئەندامی لیژنەی کارەبا لە پەرلەمان، ڕایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە لە ئەگەری تەواوکردنیدا، وزەی کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین دەکات و ڕوونیکردەوە کە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە بریتی دەبێت لە گواستنەوەی نزیکەی300 بینای حکومی بۆ بەکارهێنانی وزەی خۆر و جەختی لەوە کردەوە کە بڕێکی زۆر لە کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت لە ئەگەری جێبەجێکردنی تەواوی ئەم پڕۆژەیەدا، بە تایبەتیش لە وەرزی هاویندا.
