پیاوێک لە ویلایەتی ئۆهایۆ لە ئەمریكا بەهۆی هەڵەیەکی سادەوە بڕی ٥٠٠ هەزار دۆلار دەباتەوە.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی (یونایتد پرێس ئینتەرناشناڵ)، سەرەتا پیاوەکە بووە بە براوەی بلیتێکی ٥٠ دۆلاری و چووە سەردانی دوکانەکە بکات، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی بۆی دەردەکەوێت بلیتەکەی لە ماڵەوە بەجێهێشتووە، پیاوەکە لەبری ئەوەی بگەڕێتەوە، بڕیاریدا هیچ کاتێک بەفیڕۆ نەدات و بلیتێکی دیکە بۆ هەمان تیروپشکی خێرا بکڕێت.
بەپێی هەواڵەكە، پیاوەکە بلیتە نوێیەکەی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی پشکنی و سەری سوڕما کاتێک بۆی دەرکەوت بووە بە براوەی خەڵاتێک بە بەهای ٥٠٠ هەزار دۆلار.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕەكە ئەو پیاوە باسی لەوە کردووە، کە پلانی هەیە چی لە خەڵاتەکە بکات و دەڵێت: دانەوەی قەرزی خانووبەرەکەی و کڕینی ئۆتۆمبێلێکی نوێ و لە هەمووی گرنگتر کەمکردنەوەی کاتەکانی کارکردنی بۆ ئەوەی کاتێکی زیاتر لەگەڵ خێزانەکەی بەسەر ببات.
