دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد کۆنترۆڵی ڤەنزوێلایان لەدەستدایە و، ڕایگەیاند: “هەموو شتێکی وڵاتەکە ئێمە بەڕێوەی دەبەین و وڵاتەکە چاک دەکەین. دواتر لە کاتێکی گونجاودا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت”.
لە کاتی گەڕانەوەی لە فلۆریداوە بۆ واشنتۆن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە فڕۆکەکەیدا وسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و سەبارەت بە دەستوەردانی سەربازیی لە ڤەنزوێلا ڕایگەیاند، کارێکی ڕاست و ڕەوا بووە و بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر لەو وڵاتەوە دێتە ئەمریکا و نیکۆلاس مادۆرۆش “دەوڵەتێکی تیرۆری پەیوەست بە ماددەی هۆشبەر”ی بەڕێوە بردووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کاری زۆر ماوە سەبارەت بە دۆخی ئێستای ڤەنزوێلا بکرێت، ئەوەیشی خستەڕوو کە کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی ئەمریکا دەچنە ئەو وڵاتە و دەست بە کارکردن دەکەن کە بە بڕی ملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت.
سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەیش کرد کە لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەو وڵاتە، دێلسی ڕۆدریگێز لە پەیوەندییەکی نزیکدان و، وتی: “کۆنترۆڵی ڤەنزوێلا لەدەست ئێمەدایە”.
ترەمپ بەبێ ئەوەی بچێتە وردەکارییەوە تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هێشتا خۆی قسەی لەگەڵ ڕۆدریگێز نەکردووە، بەڵام ئەندامانی کابینەکەی لەگەڵی کۆبوونەتەوە و وتی: “ئەو هاریکارییمان لەگەڵ دەکات”.
هاوکات ترەمپ هەڕەشەکانی بۆ سەر ڕۆدریگێز دووپات کردەوە کە ئەگەر هەنگاو دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەڵبنێت، چارەنووسی لە مادۆرۆ خراپتر دەبێت، جەختیشی کردەوە کە چاوەڕوانە ئیدارەی ئێستای ڤەنزوێلا کارەکان بە ڕاستی ئەنجام بدەن.
وتیشی: “ڤەنزوێلا ئێستا وڵاتێکی مردووە. دەبێت دووبارە زیندووی بکەینەوە. بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانەکەی، پێویستە کۆمپانیاکانی نەوت وەبەرهێنانی گەورە بکەن و کۆمپانیاکانیش بۆ ئەمە ئامادەن” و بانگەشەی ئەوەی کرد مافی ئەوەیان هەیە نەوتی ڤەنزوێلا بەو شێوەیەی دەیانەوێت بەکاربهێنن.
سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا سەرەتا کاروباری ڤەنزوێلا بەڕێوە دەبات، دۆخەکەی چاک دەکاتەوە و پاشان لە کاتی گونجاودا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.
ترەمپ هەڕەشەی هێرشی دووەمی بۆ سەر ڤەنزوێلا کرد، کە ئەگەر ئیدارەی ئەو وڵاتە بەباشی ڕەفتار نەکات و، وتی: “ئێرە ڤەنزوێلایە، ئێرە ناوچەی ئێمەیە”.
سەبارەت بە ئێران، سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ هەڕەشەی سزای توندی لەو وڵاتە کرد ئەگەر دەست بکەنەوە بە کوشتنی خۆپیشاندەران.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە مەکسیک لەلایەن کارتێڵەکانی ماددەی هۆشبەرەوە بەڕێوە دەبرێت و پێشنیازی ناردنی سەربازی بۆ ئەوێ کرد، هەروەها کۆڵۆمبیای بە “وڵاتێکی نەخۆش” ناوبرد و ئاماژەی بە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ئەو وڵاتە کرد.
سەبارەت بە بانگەشەی هێرشی ئۆکراینا بۆ سەر شوێنی مانەوەی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، ترەمپ باسی لەوە کرد بڕوا بەو بانگەشانە ناکات، هاوکات ئاماژەی بە پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ سەرۆکی چین کرد و ڕایگەیاند کە مانگی نیسان سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
