دێلسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا داوای لە حکومەتی ئەمریکا دەکات ھاریکاری وڵاتەکەی بکات.
دێلسی ڕۆدریگێز لەلایەن دادگای باڵای ڤەنزوێلاوە بە سەرۆکی کاتی ئەو وڵاتە دەست نیشان کرا، ئەوەش دوای ئەوەی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە لەلایەن ھێزەکانی سوپای ئەمریکاوە دەستگیرکرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، دێلسی ڕۆدریگێز لە ھەژماری خۆی لە “ئینستاگرام ” پەیامێکی ئاراستەی جیھان و ئەمریکا کرد و تیایدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی دەویەوێت، لە ژینگەیەکی ئارام و دوور لە ھەڕەشە دەرەکییەکاندا، بژیت.
ڕاشیگەیاند کاری لەپێشینەی بریتی دەبێت لە دامەزراندنی پەیوەندییەکی ھاوسەنگ و ڕێزلێگیراوە لەنێوان ڤەنزوێلا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.
ھەروەھا داوای ھاریکاریی لە حکومەتی ئەمریکا کردووە کە لەسەر بنەمای گەشەپێدانی ھاوبەش بێت.
دێلسی ڕۆدریگێز بەشێکی پەیامەکەی ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کردووە و ڕایگەیاندووە: ” گەلەکانمان و ناوچەکەمان شایەنی ئاشتی و دیالۆگن، نەک جەنگ”.
