چوارشەممە. ئازار 4th, 2026

بە هۆی “تۆرباینەکانی با”وە سکاڵا لە سەر ترەمپ تۆمار دەکرێت

سەیرکراوە: (1.2K)

سێ کۆمپانیای گەورەی وزەی نوێبووەوە داوایەکی یاساییان پێشکەش کرد بۆ تانەدان لە بڕیارێکی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە سڕکردنی پڕۆژەکانی وزەی با لە ناو دەریاکاندا.

کۆمپانیاکانی “ئۆرستێد”ی دانیمارکی، “ئیکوینۆر”ی نەرویجی، و “دۆمینیۆن ئینێرجی ڤێرجینیا”ی ئەمریکی، داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاریکی ئیدارەی ئەمریکایان کردووە کە لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ڕابردوو دەرچووە.

بەپێی ئەو بڕیارە، پێنج پڕۆژەی گەورە لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان سڕ کراون، ئەمەش بە بیانووی “مەترسییەکانی ئاسایشی نیشتمانی” کە بە وردی ڕوون نەکراونەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، دانیشتنەکانی دادگا بە گوێگرتن لە دۆسیەی پڕۆژەی “ڕیڤۆلوشن ویند” دەستی پێکرد، کە کۆمپانیای “ئۆرستێد” بە هاوبەشی لەگەڵ “سکایبۆرن ڕینیووەبڵز” ئەنجامی دەدات بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ ویلایەتەکانی ڕۆد ئایلاند و کۆنێتیکت.

ئەم سکاڵا یاساییانە لە کاتێکدا دێن کە ترەمپ لە لێدوانەکانی ئەم دواییەیدا هێرشی کردە سەر کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی وزە لە ڕێگەی باوە و بە “دۆڕاو” وەسفی کردن و وتی: “بە تیمەکەمم وتووە کە ئێمە ڕەزامەندی لەسەر دروستکردنی تۆرباینەکانی با نادەین، ڕەنگە ناچار بین کارێک بکەین چونکە کەسێکی گەمژە لە ئیدارەی بایدن ساڵانێک لەمەوبەر ڕەزامەندی لەسەر داوە.”

ئەم گرژییە یاساییە بەشێکە لە ململانێیەکی فراوانتر لەسەر سیاسەتی وزەی ئەمریکا؛ لە کاتێکدا ئیدارەی بایدن هەوڵی دەدا وزەی با وەک چارەسەرێک بۆ گۆڕانی کەشوهەوا پەرە پێ بدات، ترەمپ لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونییەوە لە ڕێگەی زنجیرەیەک فەرمانی جێبەجێکردنەوە ئەو ئاڕاستەیەی پێچەوانە کردەوە و پاڵپشتی لە سەرچاوە تەقلیدییەکانی وزە (نەوت، گاز، خەڵوز) کرد لەسەر حیسابی پڕۆژە پاکەکان.

پڕۆژە سڕکراوەکان بریتین لە: “ڤینیارد ویند” لە ماساچوسێتس، “ڕیڤۆلوشن ویند”، “کۆستاڵ ڤێرجینیا ئۆفشۆر ویند”، جگە لە هەردوو پڕۆژەی “سەنڕایز ویند” و “ئیم پایەر ویند” لە نیویۆرک، کە داواکاری گشتی ئەو ویلایەتەش هەینی ڕابردوو سکاڵایەکی جیاوازی تۆمار کردووە.

کۆمپانیای “ئیکوینۆر” هۆشداری داوە کە پڕۆژەی “ئیم پایەر ویند” ڕووبەڕووی “مەترسی هەڵوەشاندنەوە” دەبێتەوە ئەگەر تا هەینی داهاتوو دەست بە بونیادنان نەکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی پەککەوتنی خشتەی کاتیی کارەکان کە پشت بە کەشتییە تایبەتمەندەکان دەبەستێت. هاوکات ویلایەتەکانی ڕۆد ئایلاند و کۆنێتیکت داواکارییەکی یاسایی جیاوازیان بۆ ڕزگارکردنی پڕۆژەی “ڕیڤۆلوشن ویند” پێشکەش کردووە.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 26 Today: 94 📊 Click Here