هۆشداریی کەشناسی؛ شەپۆلێکی توندی هەورەبروسکە و بارانی بەخوڕ هەرێم دەگرێتەوە
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، نوێترین پێشبینییەکانی بۆ شەپۆلێکی نوێی بارانبارین ڕاگەیاند، کە بڕیارە لە سبەی سێشەممەوە ڕوو لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بکات و ببێتە هۆی دابەزینی پلەکانی گەرما.
بەپێی پێشبینییەکان، لە دوانیوەڕۆی سبەی سێشەممە (٢٤/٣/٢٠٢٦)، شەپۆلێکی هەورەبروسکە، بارانی بەخوڕ و تەرزە ناوچەکانی سنووری گەرمیان، کەرکوک، سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە، کە هاوکات دەبێت لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما بە ڕێژەی ٢ بۆ ٣ پلە.
بۆ ڕۆژی چوارشەممە، مەودای بارانبارینەکە فراوانتر دەبێت و بە شێوەی پچڕپچڕ پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین دەگرێتەوە. شارەزاکەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە کە کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەدا بەرەو لاوازی دەچێت.
بڕی بارانی پێشبینیکراو لەماوەی هەردوو رۆژی سێشەممە و چوارشەممە:
سنووری پارێزگای سلێمانی 30 – 50 ملم
سنووری پارێزگای هەڵەبجە 20 – 30 ملم
سنووری پارێزگای کەرکوک 20 – 30 ملم
سنووری ئیدارەی گەرمیان 30 – 40 ملم
سنووری پارێزگای هەولێر 10 – 20 ملم
سنووری پارێزگای دهۆک 5 – 10 ملم
سنووری ئیدارەی سۆران و راپەرین 15 – 25 ملم
