وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت لە 48 کاتژمێری داهاتوودا کێشە تەکنیکییەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت چارەسەر دەبێت و بەوەش گرێ کوێرەی مووچە دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا پرسی ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت لەگەڵ پۆلێنکردنەکانی داهاتی نانەوتی تاوتوێ کران
ڕوونیشیکردەوە کە ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا گەیشتووەتە 234 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، ئەوەی بەشی پێداویستی ناوخۆیە گل دەدرێتەوە و ئەوەی دیکەشی ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو کە چاوەڕێ دەکەن لە 48 کاتژمیری داهاتوودا کێشە تەکنیکییەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتیش چارەسەر بن.
پێشەوا هەورامانی ڕاشیگەیاند پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت گرێ کوێرە بوو بۆ ناردنی مووچە و ئەوەی ئەرکی سەرشانی حکومەتی هرێمی کوردستانە جێبەجێی دەکەن و ئەوەشی کە مافە داوای دەکات.
