هەرێمی کوردستان 120 ملیار دیناری ناوخۆ ڕادەستی بەغدا دەکات و چاوەڕوان دەکرێت ڕێخۆشکەر بێت بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران.
بە وتەی پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ ڕادەستی لقی هەولێری بانکی ناوەنی عێراق دەکرێت.
دوێنێش مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا وەزیری دارایی و ئابووریمان ڕاسپارد کە بە زووترین کات، بڕی 120 ملیار دیناری دیکە، وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی بۆ مانگی تەمووزی ساڵی 2025 بخەنە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بەهیوای ئەوەی پەلە بکرێت لەسەر یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی داهاتی نانەوتی بە ڕێکكەوتنێکی هاوبەشیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ، بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەییمان نیشان دا بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ ئەو لیژنە وەزارییە شەش کەسییەی، کە بۆ بابەتی داهاتە نانەوتیەکان لە بەغدا پێکهێنراوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ کرد بۆ پەسەندکردنی ڕێكکەوتننامەی سێقۆڵیی و خەرجکردنی مووچەی هەرێم بۆ مانگی تەمموزی ساڵی 2025.
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، وا چاوەڕوان دەکرێت لێرە بەدواوە، مووچەی مانگی ئاب و مانگەکانی دیکەش بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
