ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم زانیاری ئاشکرا دەکات و دەڵێت”کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەت وابەستەی یەکن و جیاناکرێنەوە”.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سایسی یەکێتی، لە چاوپیکەوتنیکی میدیای ڕایگەیاند، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئێستادا پەیوەندی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان باشە، و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم وابەستەی یەکن و لەیەکتر جیاناکرێنەوە.
سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشداوە، پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبێ یەکتر ناتوانن حکومەت پێکبهێنن، بۆ پێکهێنانی حکومەت دەبێت هاوبەش بن، ئێمە وەک یەکێتی دوو کاندیدمان هەیە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و د. میران محەمەد.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاراکردنەوەی پەرلەمان لەماوەی ئەم مانگەدا پێویستە، هاوکات لەگەڵ دابەشکردنی هاوسەنگی دەسەڵاتەکان لەسەر هەموو پۆستەکان، و هیواداریشین پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم پێش هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بێت.
زیاتر لە ساڵێکە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان بە هۆی ناکۆکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان وەستاوە. پەرلەمانی کوردستان لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ەوە پەک خراوە، ئەوەش دوای ناکۆکی لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی. ئەمەش کاریگەری لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەم هەبووە، کە تا ئێستاش ئاسۆی دیار نییە.
چاودێران پێیان وایە، بەردەوامبوونی بارودۆخی ئێستا هەڕەشەی پەکخستنی گۆرەپانی سیاسی هەرێم دەکات، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەکاتێکدا هەردوولا هەوڵدەدەن بگەنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ ئەوەی بۆشایی سیاسی دروست نەبێت کە پێگەی کورد لە بەغدا لاواز بکات.
