حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا کە لە پێناوی پاراستنی ڕێرەوی لیکۆڵینەوە یاساییەکاندا، ڕووماڵی تاوان قەدەغە بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، بەپێی گشتاندنێكی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، كە ئاراستەی گشت وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت كراوە، لەمەودوا ڕێگە بە هیچ كەناڵ و پەڕەی تۆڕی كۆمەڵایەتی نادرێت، دیمەن و ڤیدیۆی ڕووداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و كاتی تاوانەكان بڵاو بكەنەوە و ڕووماڵی بکەن.
ئەوەشی خستەڕوو ک ئەم گشتاندنە لەسەر بنەمای داواكارییەكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ ئەنجومەنی وەزیران کراوە، كە تێیدا داوای كردووە، بۆ پاراستنی ڕێڕەوی لێكۆڵینەوە و لایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتیی ژیانی خەڵك و نەقۆستنەوەی ڕووداوەكان بۆ دووبەرەكیی سیاسی و كۆمەڵایەتی، ڕێگە نەدرێت ڕووماڵی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تاوان و تۆمەتباران بكرێت، ئەمەش لەپێناو سەلامەتیی گشتیی و ئاسایشی تاك و كۆمەڵگە، ڕێزگرتن لە ڕێرەوی لێکۆڵینەوە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ.
