هەینی. ئازار 6th, 2026

ئەمریکا، قەیرانی غازی عێراقی قوڵتر کردەوە

سەیرکراوە: (1.6K)

هەوڵەکانی عێراق بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی کارەبا لە رێگەی هاوردەکردنی غاز لە تورکمانستانەوە بە نێوەندگیری ئێران شکستی هێناوە، ئەوەش بەهۆی فشارەکانی ئەمریکا، کە رێگری لە پێشێلکردنی سزاکانی سەر تاران دەکات.

عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو پشت بە غازی ئێران دەبەستێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام هەوڵدەدات سەرچاوەکانی هەمەجۆر بکات و غازی شل لە قەتەر هاوردە بکات و پەرە بە کێڵگەکانی نەوت و غاز بدات بە هاوکاری کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی وزە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی “رۆیتەرز”، هەوڵەکانی عێراق بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی کارەبا لە رێگەی هاوردەکردنی غاز لە تورکمانستانەوە بە نێوەندگیری ئێرانی دراوسێ، سەرکەوتوو نەبووە، ئەوەش بەهۆی فشارەکانی ئەمریکا، کە بەغدای ناچار کردووە بە سەختی هەوڵبدات بۆ دۆزینەوەی بژاردەی دیکە.

عێراق، وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوت، پاش داگیرکردنی لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣ کە سەرۆکی پێشوو سەدام حسێنی رووخاند، بە سەختی هەوڵی دابینکردنی کارەبا دەدات بۆ هاووڵاتیانی، ئەمەش وایکردووە زۆرێک پشت بە مۆلیدەی ئەهلی ببەستن.

لە ساڵی ٢٠٢٣، رێککەوتنێک پێشنیار کرا بۆ هەناردەکردنی غاز لە تورکمانستانەوە بۆ عێراق لە رێگەی ئێرانەوە، بەپێی رێککەوتنە پێشنیارکراوەکە؛ ئێران غازەکە وەردەگرێت و دابینی دەکات بۆ عێراق، بەڵام ئەمە پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا دەبێت بەسەر تاراندا، کە پێویستی بە رەزامەندی واشنتۆنە.

واشنتۆن رەزامەندی لەسەر رێککەوتنەکە نەدا، ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سیاسەتی “زۆرترین فشار”ی خستە سەر تاران.

“رۆیتەرز” رایگەیاندووە؛ قسەی لەگەڵ چوار بەرپرسی عێراقی کردووە و حەوت بەڵگەنامەی فەرمی بینیوە، تا بزانێت بەغدا بۆ چەند مانگێک چۆن هەوڵیداوە رەزامەندی واشنتۆن وەربگرێت بۆ ئەوەی رێگەی پێبدات نزیکەی ٥ ملیار مەتر سێجا غاز لە تورکمانستانەوە لە رێگەی ئێرانەوە هاوردە بکات.

رەشنووسی گرێبەستەکە نیشانیداوە کە عێراق هەوڵیداوە ساڵانە ٥.٠٢٥ ملیار مەتر سێجا غاز لە تورکمانستان هاوردە بکات، بە ئاسانکاری “کۆمپانیای غازی نیشتمانی ئێران” کە خاوەندارێتی دەوڵەتە.

بەڵگەنامەیەک نیشانیداوە، ئێران هیچ پارەیەک وەرناگرێت، بەڵام بڕێک غاز وەردەگرێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کە لە ٪٢٣ی کۆی بڕی رۆژانەی غازی هاتوو لە تورکمانستان تێناپەڕێنێت.

هەمان بەڵگەنامە نیشانیداوە؛ بەغدا پێشنیاری ئەوەشی کردووە رێگە بە لایەنێکی چاودێری نێودەوڵەتی بدات، وەک لایەنی سێیەم، چاودێری پابەندبوونی رێککەوتنەکە بکات بە مەرجی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا و یاساکانی دژ بەسپیکردنەوەی پارە.

سەرەڕای هەوڵدانی چەند مانگێک، ناڕەزاییەکانی ئەمریکا لە کۆتاییدا رێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە لەگەڵ زیادبوونی فشارەکانی واشنتۆن لەسەر ئێران بەهۆی پڕۆژە ناوکییەکەیەوە، ئەمەش وایکردووە بەغدا رووبەڕووی دۆخێکی قورستر بێتەوە بۆ هاوسەنگکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دوو هاوپەیمانە سەرەکییەکەیدا، واشنتۆن و تاران، بەپێی “رۆیتەرز”.

عادل کەریم، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کارەبا، بە “رۆیتەرز”ی وت: “ئەگەر بەو رێککەوتنە (لەگەڵ تورکمانستان) بەردەوام بین، ئەوا جۆرێک لە سزاکان بەسەر بانکەکان و دامەزراوە داراییەکانی عێراقدا دەسەپێنرێت، بۆیە گرێبەستەکە لە ئێستادا راگیراوە.”

هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمریکی ئاگادار رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ “رەزامەندی لەسەر رێککەوتنەکان نادات کە لەوانەیە سوودیان بۆ ئێران هەبێت، بەڵام لەگەڵ عێراق کاردەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وزە.”

عێراق لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا پشتی بە هاوردەکردنی غاز و کارەبا لە ئێران بەستووە، بەرپرسێکی کەرتی وزەی عێراق بە “رۆیتەرز”ی وتووە: “غازی ئێران نزیکەی یەک لەسەر سێی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراقدا دابین دەکات،” وتیشی “هاوردەکردنی غاز لە ساڵی ٢٠٢٤ گەیشتووەتە ٩.٥ ملیار مەتر سێجا.”

عادل کەریم، راوێژکاری سەرۆکوەزیران، رایگەیاند؛ عێراق ئەگەر غازی ئێران لەدەست بدات، رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە لە بەرهەمهێنانی کارەبا.

عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکارانی نەوت(ئۆپێک)، بەڵام زۆربەی غازی هاوەڵ نەوت دەسووتێنێت بەهۆی کەمی وەبەرهێنان و کەمی ژێرخانی پێویست بۆ دەرهێنان و پڕۆسێسکردنی.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە دەڵێت؛ عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣ تەنها ١١ ملیار مەتر سێجا غازی بەرهەمهێناوە بۆ بەکارهێنان لە بەرهەمهێنانی کارەبا یان دابینکردنی پێداویستییە پیشەسازییەکان.

کەریم روونیکردەوە؛ پێداویستییەکانی عێراق بۆ غاز بەپێی وەرزەکان جیاوازە، بەشێوەیەک کە خواست لە مانگەکانی هاویندا بەرزدەبێتەوە بۆ نزیکەی ٤٥ ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا، و دادەبەزێت بۆ نێوان ١٠ ملیۆن بۆ ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا لە مانگەکانی بەهار و پاییزدا.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لێخۆشبوونێکی هەڵوەشاندەوە کە رێگەی بە عێراق دەدا پارەی کارەبای ئێران بدات، ئەوەش وەک بەشێک لە فشارەکانی ئیدارەکە لەسەر تاران.

ئیدارەی ترەمپ لە مانگی ئاداردا لێخۆشبوونێکی لە سزاکان هەڵوەشاندەوە کە لەساڵی ٢٠١٨ ەوە رێگەی بە عێراق دەدا پارەی کارەبای ئێران بدات، ئەمەش هاوردەکردنەکانی کەمکردەوە.

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، کەمی دابینکردنی غاز لە ئێرانەوە بووەتە هۆی لەدەستدانی نزیکەی ٣ هەزار مێگاوات لە توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە دوای کۆتاییهاتنی لێخۆشبوونەکە و گەیشتنی خواست بە لووتکە لە هاویندا، واتە زیاتر لە ٪١٠ی کۆی توانای بەرهەمهێنانی عێراق کە نزیکەی ٢٨ هەزار مێگاواتە، ئەمەش بەپێی بەرپرسانی کەرتی کارەبای عێراق کاریگەری لەسەر دابینکردنی کارەبا بۆ نزیکەی ٢.٥ ملیۆن ماڵ هەیە.

لەگەڵ وەستاندنی رێڕەوی تورکمانستان، عێراق بژاردەی دیکە تاوتوێ دەکات بۆ پڕکردنەوەی کەمیی پێداویستییەکانی کارەبا، لەوانە دروستکردنی ژێرخانێک بۆ هاوردەکردنی غازی سروشتی شل (LNG) لە قەتەرەوە.

حەمزە عەبدولباقی، سەرۆکی “کۆمپانیای غازی باشووری عێراق”، لە مانگی بە “رۆیتەرز”ی وتووە؛ عێراق وێستگەیەکی غازی سروشتی شلی گۆڕاو بە کرێ دەگرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ غازی قەتەری و عومانی.

وتیشی؛ حکومەت داوای لە وەزارەتی نەوت کردووە بژاردەی دیکە بدۆزێتەوە بۆ غازی ئێران ئەگەر ئەمریکا بڕیاری سنووردارکردنی بدات.

عێراق لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان واژۆ کردووە، وەک “تۆتاڵ ئێنێرجیز”، “بی. پی”، و “شیڤرۆن”، بۆ خێراکردنی پڕۆژەکانی غاز.

کۆمپانیای فەرەنسی “تۆتاڵ ئێنێرجیز” رایگەیاند؛ قۆناغی دووەمی پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی ئارتوازی لە عێراق دەستپێکردووە، ئەمەش دوا قۆناغەکانی پڕۆژەیەکی ٢٧ ملیار دۆلارییە، کە ئامانجی بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز و کارەبای عێراقە.

کۆمپانیای بەریتانی “بی. پی” لە مانگی ئاداردا رایگەیاند؛ رەزامەندی کۆتایی لە حکومەتەوە وەرگرتووە بۆ دووبارە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییە گەورەکانی کەرکوک، لەگەڵ پلانێکی سەرەتایی بۆ بەرهەمهێنانی ٣ ملیار بەرمیل نەوتی هاوتا.

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند؛ بەغدا کار لەسەر فراوانکردنی وێستگە کارەباییەکانی بە غاز دەکات، وتیشی، وڵاتەکەی پێویستی بە غازی زیاتر و سەرچاوەی زیاتر دەبێت.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 102 Today: 2,490 📊 Click Here