چوارشەممە. ئازار 4th, 2026

مەسرور بارزانی:بەهۆی هەندێك هێزی لەیاسادەرچوو ڕێككەوتنی شنگال جێبەجێ نەکرا

سەیرکراوە: (1.6K)

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی شنگال چەند هێزێک تۆمەتبار دەکات و دەڵێت” بەهۆی هەندێك هێزی لەیاسادەرچوو لەوانەی خۆیان سەپاندووە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە”.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، هەوڵێكی جددیمان دا بۆ ئەوەی ڕێككەوتنی شنگال لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵ جێبەجێ بكرێت، بەڵام دیسان هەتا ئەم كاتەش ئەم ڕێككەوتنە بەهۆی هەندێك هێزی لەیاسادەرچوو لەوانەی خۆیان سەپاندووە جێبەجێ نەكراوە، و پێویستە هەموو هاووڵاتییەک لە ئێزدی، موسڵمان، عەرەب، توركمان و یان كریستیان بە سەربڵندی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

مەسرور بارزانی بەشداری لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی جووت سایدی شێخان-لالش کرد و لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا وتەیەکیدا ئاماژەی بەوەدا، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کە ئاوارەکانی دەست رێکخراوی تیرۆریستی داعش بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، هیچ پیلانێكی سیاسی ناتوانێت ئێمە لە ئاو و خاکمان جیا بکاتەوە.

بارزانی وێڕای ڕەخنەگرتن لە حکوومەتی فیدڕاڵ بە هۆی جێبەجێنەبوونی ڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، هۆکاری ئەو دۆخەی بۆ بوونی هەندێک هێزی لە یاسادەرچوو لە ناوچەکە گەڕاندەوە و وتی “هەوڵی زۆر دەدرێن بۆ ئەوەی خوشك و برایانی ئێزدیی ئێمە لە شنگال دوور بخەنەوە. ئێمە هەوڵێكی جددیمان دا بۆ ئەوەی ڕێككەوتنی شنگال لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ جێبەجێ بكرێت، بەڵام دیسان هەتا ئەم كاتەش ئەم ڕێككەوتنە جێبەجێ نەكراوە، بەهۆی هەندێك هێزی لەیاسادەرچوو لەوانەی خۆیان سەپاندووە”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێم وتیشی، داخوازیی ئێمە لە حكومەتی فیدڕاڵی ئەوەیە كە هەنگاوی جددی بنێن و ئاسانكاری بكرێت تاوەكو خوشك و برایانی ئێزدی بە سەربڵندی بگەڕێنەوە شنگال، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیانی ئێمە، چ ئێزدی بن، موسڵمان بن، عەرەب بن، توركمان بن، كریستیان بن، بە سەربڵندی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لەو دەڤەرەی كە بەداخەوە لەبەر هێرشی دڕندانەی تیرۆریستان بەجێیان هێشت، پێویستە هەر بگەڕێنەوە و هیچ پیلانێكی سیاسی ناتوانێت ئێمە لە ئاو و خاکمان جیا بکاتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی باسی لە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا کرد و ڕایگەیاند، لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە هیچ جارێك، هیچ ئاستەنگێك دروست نەكراون، هەموو جارێك هەر بیانوویەك هەبووبێت، ئێمە هەوڵمانداوە لایببەین بۆ ئەوەی بابەتی شایستەی دارایی خەڵكی كوردستان دابین بكرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا لەنێوان كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدرالی دیارە تێگەیشتن و ڕێككەوتنێك هەیە، ئەمە دەبێتە دەستپێكێكی زۆر باش بۆ نەهێشتنی ئەو ئاڵنگاری و ئاستەنگەی كە هەتا ئێستا ماوەتەوە. هیوای من ئەوەیە كە لە ڕۆژانی داهاتوو ئەم ڕێككەوتنە ببێتە واقیع و ببێتە جێی ڕەزامەندیی هەموو لایەك و حكومەتی عێراقیش پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە ماف و هەقی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات و چیدی بابەتی مووچە نەبێتە سەردێڕی هەواڵی ڕۆژانە. بۆیە هیوادارم لە ماوەیەكی نزیكدا، بگەینە ئەنجامێكی ئەرێنی.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 215 Today: 1,240 📊 Click Here