چوارشەممە. ئازار 4th, 2026

بارزانی: دەستەڵاتدارانی عێراق پابەندی دەستوور و ڕێككەوتنەكان نەبوون

سەیرکراوە: (1.1K)

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق دەكات و ڕایدەگەیەنێت، بەداخەوە دەستەڵاتدارانی عێراق پابەندی دەستوور و ڕێككەوتنەكان نەبوون و بەرپرسە ئەمریكییەكەش دەڵێت: ناكرێ بابەتی پێنەدانی مووچە بە مووچەخۆرانی هەرێم هەر بەردەوام بێت.

ئەمڕۆ سێ شەممە 23ی ئەیلوولی 2025 لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق كرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق جەختی لە پەیامی دۆستایەتیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كردەوە و ڕایگەیاند، كە ئەمریكا خوازیاری كوردستانێكی بەهێزە و بەهێزیی كوردستانیش لە قازانجی سەقامگیریی عێراقە.

ئەوەشی دووپاتكردەوە، ئەمەریكا پاڵپشتی مافە دەستوورییەكانی هەرێمە و پشتیوانی لە گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم دەكات و ناكرێ بابەتی پێنەدانی مووچە بە مووچەخۆرانی هەرێم هەر بەردەوام بێت و پێویستە چارەسەر بكرێت.

جۆشوا هاریس باسی لە “ئەزموونی سەركەوتووی هەرێمی كوردستان بە تایبەت لەبواری وزە و كارەبا” كرد و وەك نموونەیەك بۆ بەشەكانی تری عێراقی لە قەڵەم دا و لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش وتی، “وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە سەروەریی عێراق بپارێزرێ و ڕێگە لە دەستوەردان لە كاروباری عێراق بگیرێت”.

لای خۆیەوە بارزانی سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسی عێراق ڕایگەیاند، كە بەداخەوە دەستەڵاتدارانی عێراق پابەندی دەستوور و ڕێككەوتنەكان نەبوون و ئەوەش بووەتە سەرچاوەی گرفتەكان.

بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق جەختیشی لەوە كردەوە، كە باشترین ڕێگە بۆ نوێنەرایەتیكردنی ڕاستەقینە گەڕانەوەیە بۆ یاسای یەك بازنەیی بۆ ئەوەی لە گونجانی ژمارەی كورسی لەگەڵ ڕێژەی دانیشتوان دادپەروەری هەبێت.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 177 Today: 2,040 📊 Click Here