ئەمڕۆ سێ شەممە ( 23 ی 9 ) له نیوه‌گۆی باكووری زه‌وی له‌نگه‌ری پاییزه و له نیوه‌گۆی باشووری زه‌وی له‌نگه‌ری بههارهیە و بەوەش ئەمڕۆ یەكەم ڕۆژی وەرزی پاییز دەستی پێكرد.
سیروان ساڵح، شارەزای كەشناشی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، به‌هۆی سوڕانه‌وه‌ی زه‌وی به ده‌وری خۆردا چوار وه‌رزه‌كه دروست ده‌بێت، ڕۆژی ( 23ی 9 ی ) هه‌موو ساڵێك تیشكی خۆر له‌سه‌ر هێڵی (سفر)ی بازنه‌ی پانی كه ده‌كاته ناوه‌ڕاستی زه‌وی ( هێڵی یه‌كسانی یان کەمەرەی زەوی کە نیوەگۆی باکوور و باشووری زەوی لێك جیادەکاتەوە) ئه‌ستوون ده‌بێت، به‌مه‌ش تیشكی خۆر به یه‌كسانی به‌ر هه‌موو ناوچه‌كانی گۆی زه‌وی ده‌كه‌وێت.
ڕاشیگەیاند، بەم هۆکارەش له نیوه‌گۆی باكوور سه‌ره‌تای وه‌رزی پایز دەست پێدەکات و پێی دەوترێت ” لەنگەری پایز ” و له نیوه‌گۆی باشووریش سه‌ره‌تای وه‌رزی به‌هار دەست پێدەکات و پێی دەوترێت ” لەنگەری بەهار “.
ڕوونیشی دەكاتەوە، سوڕانه‌وه‌ی زه‌وی به ده‌وری خۆردا یەک ساڵی ته‌واوی زه‌ویه، كه ماوەی سوڕانەوەکەی ده‌گاتە ( 365.25 ) ڕۆژ و هەر چوارساڵ جارێکیش یەک ڕۆژی بۆ زیاد دەبێت و دەخرێتە سەر مانگی شوبات واته مانگی دوو.
ئاماژەی بەوەشدا، نیوەگۆی باشوور و باکوور لە وەرزەکان و بەرکەوتنی تیشکی خۆر و جوڵەی بایەکان و ئاراستەی خولانەوەی گەردەلولەکان تەواو پێچەوانەی یەکترن.
