سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە زۆر قوربانیمان بۆ ئازادی و مافە ڕِەواكانمان داوە، بە ڕێزەوە لە تێكۆشان و قوربانیدانی گەلی فەڵەستین لەپێناو ئازادیدا دەڕِوانین.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، هەرێمی كوردستان بە گرنگییەكی زۆرەوە لە گفتوگۆكان لە پەراوێزی كۆبوونەوەی كۆمەڵی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و ناوەندە نێودەوڵەتییەكان دەربارەی فەڵەستین دەڕوانێت.
ڕاشیگەیاندووە، “ئێمە لە هەرێمی كوردستان تەواوی پشتگیریمان بۆ مافی چارەیخۆنووسین بۆ گەلی فەڵەستین و دامەزراندنی دەوڵەتەكەی لە چوارچێوەی ڕەوایەتی و یاسا نێودەوڵەتییەكاندا، دووپات دەكەینەوە”.
سەرۆكایەتی هەرێم دەشڵێت: “ئێمە وەك گەلێك كە زۆر قوربانیمان بۆ ئازادی و مافە ڕەواكانمان داوە، بە ڕێزەوە لە تێكۆشان و قوربانیدانی گەلی فەڵەستین لەپێناو ئازادیدا دەڕوانین و ساڵانێكی درێژە نوێنەرایەتیی فەڵەستینمان لە هەرێمی كوردستان هەیە”.
جەختیشدەكاتەوە، “دووپات لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە كە شەڕ و كوشتار هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات. بۆ ئەوەی هەمووان لە ئارامی و سەقامگیری و ئاسوودەییدا بژین، دەبێ شەڕ و كردارە چەكدارییەكان بوەستن، پێكەوەژیان و ئاشتی بەرقەرار بێت و بەپێی بەها مرۆیییەكان و یاسا نێودەوڵەتییەكان مافی ڕەوای گەلانی ناوچەكە و ئاسایش و ژیانی شكۆمەندانە و دادپەروەری بۆ هەمووان دەستەبەر بكرێت و بسەلمێنرێت”.
