وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ئەو زانیارییانەی پشتڕاست کردەوە کە هەموو بۆمبهاوێژەکانی جۆری B-1 ـی کە لە بنکەی ئاسمانیی فێرفۆرد، سەر بە هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا، جێگیر کرابوون، دووبارە نێردراونەتەوە بۆ بنکە سەرەکییەکانیان لە ئەمریکا.
بەرپرسێکی پێنتاگۆن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئێستا دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە هەموو بۆمبهاوێژە ئەمریکییەکان کە لە بنکەی فێرفۆرد جێگیر کرابوون، دووبارە بۆ بنکە سەرەکییەکانیان لە ئەمریکا نێردراونەتەوە.
پێشتر فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لە بنکەی فێرفۆردەوە بۆ بۆردومانکردنی ئێران هەڵدەستان و گومان دەکرێت تاران لە پشت ئەو جموجولە گوماناوییەی دەوروبەری بنکەکەوە بووبێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هۆکاری ئەمنی وای کردووە کە پێنتاگۆن نەیتوانێت لە کاتی ڕوودانەوەدا شوێنی جوڵەی هێز و کەرەستە سەربازییەکانی خۆی پشتڕاست بکاتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە هەفتەی ڕابردوو پۆلیس لە ڕێی جوتیارێکەوە ئاگادار کرایەوە لەوەی سێ ئۆتۆمبێلی بچووک ڕێگاکەیان لە نزیک بنکەکە گرتووە و چەد کەسێکیش جموجوڵی گوماناوییان لە ناوچەکەدا هەیە.
لە ئەنجامی ئەم ڕووداوە، دەسەڵاتداران ناچار بوون 85 ماڵ لە دەوروبەری بنکەکە چۆڵ بکەن.
لەبارەی هۆکاری ڕووداوەکەشەوە، گومانەکان لەنێوان هەڕەشەی تیرۆریستی و دزینی بەنزیندا بوون، بە تایبەتی لە کاتێکدا نرخی سووتەمەنی لە بەریتانیا لەم هەفتەیەدا گەیشتووەتە ئاستی بەرز.
لاورەنس تایلەر، سەرۆکی یەکەی نیشتیمانی دژە تیرۆر، ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵەرەوان هیچ ماددەیەکی تەقینەوەیان لە ناو ئۆتۆمبێلەکاندا نەدۆزیوەتەوە، بەڵکو دەست بەسەر بڕێک بەنزیندا گیراوە.
پێنج هاووڵاتیی بەریتانی کە تەمەنیان لە 20 ساڵاندا بوو و بەهۆی ئەم ڕووداوەوە دەستگیر کرابوون، سەرجەمیان بە کەفالەت ئازاد کران.
ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی ڕەخنەی واشنتۆن و دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا ڕایگەیاند ئەگەر من بوومایە ئەو کارەم نەدەکرد.








Leave a Reply