یەکێک لە بابەتە هەرە قێزەونەکانی ناو کۆمەڵگا دەست درێژی سێکسیە بۆ سەر کەسێک ئینجا چ کوڕ بێت یان کچ و لەوەش قێزەونتر ئەوەیە مرۆڤەکەی کە دەست درێژی کراوەتە سەر منداڵ بێت.
ئەوەی لەدوێنێوە باس دەکرێت لە سۆشیاڵ میدیا کە کچێکی تەمەن 15 ساڵ دەست درێژی کراوەتە سەر ئەوە دەبیت بڵێن (منداڵێکی کچ) لەبەر ئەوەی بەهەموو جۆرە پێناسەیەک ئەو کچە منداڵە. ئەو کارە قێزەونە بە یاساو زانست و ئایین ڕێگای پێ نەدراوە کەواتە بکەرانی ئەو تاوانە دەبێت بە توندترین شێوە سزا بدرێن.
بەڵام با لێکدانەوەکی وردی بۆ بکەین: لە زانست ئەو منداڵە کچە پێی دەڵێن ڕزگاربووی دەست درێژی سێکسی لەبەر ئەوەی ئەو منداڵە مرۆڤە و مافی هەیە بگەڕێتەوە ناو ژیانی ئاسایی خۆی و هاوکاری و پاڵپشتی تەواو بکریت لەهەموو لایەک… بەڵام ئەو منداڵە کچە کە لە دوێنيوە باسی دەکەن لەلایەک ڕزگاربووە لەو کارەساتە و لەلایەک قوربانییە بۆ ژینگەیەکی نالەبار و پەروەردەیەکی سەقەت چ ژینگەی خۆی یان ژینگەی تاوانبارەکان.
کەواتە ئەو منداڵە کجە هیچ گوناهێکی نییە بگرە بەداخەوە بۆتە قوربانی ژینگەیەکی ناتەندروست و قوربانی کۆمەڵێک گورگی نامرۆڤ کە هەموویان دوورن لە وشەی مرۆڤایەتی . لەوەش گرنگتر پێش ئەوەی سۆشیاڵ میدیا و پلاتفۆرمەکان باسی ئەو بابەتە بکەن و ئەو منداڵە کچە بێ گوناهە دەبێت بۆ لایەنی دەروونی چارەسەر وەربگرێت لەلایەن پزیشکی پسپۆری دەروونی و بۆ ماوەیەکی باش بەردەوام بیت لەسەر ئەو چارەسەرانە بەڵام بەداخەوە لە کۆمەڵگای ئێمە زۆر زۆر بەدەگمەن بیر لە پزیشکی دەروونی و چارەسەری دەروونی دەکەینەوە کە لەهەموو بابەتەکە گرنگترە ،ئەوە جگە لە چارەسەر و کۆمەڵێک پشکنینی تەندروستی جەستەی زۆر پێویستن بۆ ئەو کچە منداڵە.
بەپێی سەرچاوەکان پەروەردەکردنی تەواو و تەندروست و پتەو ئەگەری ڕوودانی کارەسات کەمدەکاتەوە. کاتێک دەڵێن زۆر گرنگە هەر لە منداڵییەوە منداڵەکەت فێر بکەیت چۆن خۆی دەپاریزیت لەدەست درێژی و یان هەندێک یاسای فێر بکەی ئەوا %85 (ئەو ڕێژەیە بەپیی توێژینەوە سەلمێنراور) دەیانپارێزیت و واتا منداڵ تەنها ئەوە نییە بیهێنیتە ژیان و خواردنی بدەیتێ و جلی بۆ بکڕی و بڵێی تەواو، بەڵکو لێپرسراوێتییەکی زۆر گەورەیە بۆیە ئەگەر دەزانی بەقەد ئەولێپرسراوییە نیت ئەوا منداڵ تەنها بۆ خۆشی نییە یان بۆ ئەوە نییە بە خەڵکی دەوروبەر بلیی منداڵم هەیە. ئینجا ئەوخاڵانەی خوارەوەلەهەموو خول و ڕاهێنانەکان باس دەکرێن:
– دەبێت هەر لەتەمەنی زۆر زووەوە فێری منداڵ بکریت چۆن خۆی دەپارێزێت لە دەست درێژی و بەردەوام بن لەفێر کردنیان وە چەند گەورەتر دەبن فێرکردنەکانتان زیاتر و فراوانتر بکەن، تکایە شەرم و عەیبە مەکەنە بیانوو بۆ ئەو بابەتە و بڵێن عەیبە باسی ئەو شتانە بۆ منداڵ بکرێت بەڵکو باس بکەن بۆ منداڵەکانتان چۆن خۆیان دەپاریزن و چۆن ئاگایان لەجەستەی خۆیان دەبیت.
دایبابی بەڕێز باسکردن و فێرکردنی منداڵ باشترە لەوەی توشی کێشەیەکی وا بیت ئینجا چارەسەری ئەو کێشەیە زۆر قورسترە لە باسکردنەکەی کە پێت عەیب بوو.
– دەبیت هەندێک یاسا و ڕێسا هەیە دابنرێت لەناو ماڵ و لەسەری بڕۆن منداڵەکانتان بۆ ئەوەی بزانن مانای پابەند بوون چییە ئینجا هەندێ شت ڕێگای پێ بدە کەدەزانی هیچ زیانی نییە بەڵام هەندی شت قەدەغە بکە تەنانەت ئەگەر منداڵەکەت توڕە ببیت لەسەر ئەو بابەتە بێ وەڵام دانەوەی توندو تیژ پێی (بڵی توڕەش ببیت ئەوە یاسای منە و دەبیت لەسەری بڕۆی).
لێرە گرنگە ئەوە بزانین کاتێک دایک و باوکانمان ئێمەیان پەروەردە کردووە بۆ زەمانێک ئەوا بزانن بۆ زەمانی ئیستا زۆربەی ئەو پەروەردە دەبێت بگۆڕێت و هەندی پەروەردەی ئەرێنی و سەردەمیانە پەیرەو بکریت کە لەگەل زەمانی ئیستا بڕوات.
وەک نمونەیەکی سادە من کە دایکم پێتان دەڵێم کە من زۆر باسی ئەو بابەتانە دەکەم بۆ منداڵەکانم و شەرم ناکەم کە فێرییان بکەم گێچەل چییە؟ دەست درێژی چییە؟ و چۆن خۆیان بپارێزن!و هەروەها هە ڕووداوێک هەبیت بە شێوەیەکی سادەکراو و کورت تەنها ئەوەی خۆم دەمەوی پێیان بگەینم ئەوها وەک کورتە چیرۆکیک بۆیان باسدەکەم تاکو وانەی لێوەرگرن و فێر بن لە ژیان.
دکتۆر دیلمان ئازاد حەسەن مامۆستای زانکۆ لە کۆلێژی پزیشکی پسپۆری پزیشکی دادوەری














Leave a Reply