واشنتن ئامادەکاری دەکات و تاران دەست بە جموجۆڵی دیپلۆماسی دەکات

سەیرکراوە: (18)

ئاستی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیی سەرهەڵدانی پێکدادانی گشتگیر لە ئارادایە. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی، لە دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە هەفتەی ڕابردووەوە، ژمارەی کوژراوانی هێزە ئەمریکییەکان زیادی کردووە، ئەمەش ئەگەری فراوانبوونی شەڕی نێوان هەردوو وڵاتی زیاتر کردووە.

لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی باڵای واشنتن ڕایگەیاندووە کە سوپای ئەمریکا ئامادەیە بۆ فراوانکردنی بازنەی شەڕەکە بۆ ناو خاکی ئێران. بە گوتەی ئەم بەرپرسە، ئەو ئامادەکارییە سەربازییانەی ئێستا لە لایەن واشنتنەوە ئەنجام دەدرێن، ئاماژەن بۆ پێشبینیکردنی پەرەسەندنی زیاتری دۆخەکە.

هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییە سەربازییانە، ئێران جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی چڕ کردووەتەوە لەم ڕاستایەدا، وەزارەتی ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند کە ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە، سەردانی پاکستان دەکات بۆ گەیاندنی نامەیەکی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، بە بەرپرسانی ئیسلام ئاباد، کە تایبەتە بە دانوستانەکان و بارودۆخی ناوچەکە.

لەلایەکی دیکەوە، هەوڵەکان بۆ ڕێگری لە تەشەنەسەندنی شەڕەکە بەردەوامن. ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کردووە کە لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێشنیاری نوێیان پێگەیشتووە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە فراوانبوونی پێکدادانەکان، هەرچەندە ناوبراو هیچ زانیارییەکی لەسەر ناوەڕۆکی پێشنیارەکان یان لایەنە نێوەندگیرەکان ئاشکرا نەکردووە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 192 Today: 2,294 📊 Click Here