١٠ هەڵەی باو کە مەترسی لەسەر مۆبایلی ئەندرۆید دروست دەکەن

سەیرکراوە: (51)

١٠ هەڵەی باو کە مەترسی لەسەر مۆبایلی ئەندرۆید دروست دەکەن و تەمەنی کورت دەکەنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی تەکنیکیی تایبەتمەند، دوورکەوتنەوە لە چەند هەڵەیەکی باو لە کاتی بەکارهێنانی مۆبایلەکانی ئەندرۆیددا، یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی توانا و کارایی مۆبایلەکە بۆ چەندین ساڵ. سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٥ ساڵ بەسەر دەرچوونی سیستمی ئەندرۆیددا، هێشتا زۆرێک لە بەکارهێنەران هەندێک ڕەفتاری نادروست ئەنجام دەدەن کە زیان بە ئاسایش و تەمەنی ئامێرەکانیان دەگەیەنێت.

دواخستن یان پشتگوێخستنی نوێکارییەکانی سیستم (Updates) یەکێکە لە مەترسیدارترین هەڵەکان، چونکە ئەم نوێکارییانە کەلێنە ئەمنییە ناسراوەکان چارەسەر دەکەن؛ بۆیە پێویستە نوێکاریی خۆکار چالاک بکرێت.

کردنەوەی ژمارەیەکی زۆر ئەپ لە یەک کاتدا ڕام (RAM) پڕ دەکات و مۆبایلەکە ناچار دەکات سوود لە بیرگەی ناوخۆیی وەربگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی خاوبوونەوە، گەرمبوون و بەفیڕۆچوونی پاتری. باشتر وایە ناوبەناو مۆبایلەکە ڕیستارت بکرێتەوە و بۆشایی پێویست لە بیرگەدا بهێڵرێتەوە.

دابەزاندنی ئەپ لە دەرەوەی کۆگای (Google Play) ئەگەری تووشبوونی مۆبایلەکە بە ڤایرۆس و بەرنامە زیانبەخشەکان زیاد دەکات.

ناچالاککردنی خزمەتگوزاریی (Play Protect) بە هیچ شێوەیەک کارێکی دروست نییە، چونکە زۆرجار فێڵبازەکان بە ناوی بانک یان لایەنی فەرمییەوە داوا لە بەکارهێنەر دەکەن ئەو پاراستنە بکوژێنێتەوە.

ئەگەرچی لە ساڵانی سەرەتادا بۆ هەندێک تایبەتمەندی بەکاردەهات، بەڵام ئێستا پێدانی دەسەڵاتی (Root) پرۆسەی پشکنینی سەلامەتیی سیستم پەک دەخات و مۆبایلەکە دەکاتە ئامانجێکی ئاسان بۆ بەرنامە زیانبەخشەکان.

پەیوەستکردنی مۆبایل بە دەرچەی شەحنکردنەوەی گشتی و نەناسراوەوە، مۆبایلەکە بە کەناڵی گواستنەوەی داتاوە دەبەستێتەوە و ڕەنگە ببێتە هۆی دزینی وێنە و زانیارییەکان، بۆیە نابێت لە شوێنە گشتییەکاندا ڕەزامەندی لەسەر ئاگادارکردنەوەکانی گواستنەوەی داتا بدرێت.

زۆرێک لە ئەپەکان داوای مۆڵەتی زیاتر لە پێویست دەکەن، بەتایبەت تایبەتمەندیی “ئاسانکاریی بەکارهێنان” (Accessibility) کە دەتوانێت چاودێریی شاشە و نامەکان و کۆدەکانی پشتڕاستکردنەوە بکات.

تۆڕە کراوەکان گەرەنتیی پاراستنی تایبەتمەندی ناکەن و هاککەران دەتوانن تۆڕی ساختە بە هەمان ناوی تۆڕە ڕاستەقینەکان دروست بکەن؛ بۆیە لە کاتی پێویستدا دەبێت (VPN) بەکاربهێنرێت و مامەڵەی هەستیار ئەنجام نەدرێت.

هێشتنەوەی شەحنی پاتری لەسەر ئاستی ١٠٠٪ بە بەردەوامی فشار دەخاتە سەر پێکهاتەکانی ناوەوەی و توانای پاترییەکە دادەبەزێنێت؛ وەشانە نوێیەکانی ئەندرۆید ڕێگە دەدەن شەحنکردنەوە لە ئاستی ٨٠٪ سنووردار بکرێت.

کێبڵە ئەسڵییەکان چیپی کۆنترۆڵکردنی ڤۆڵتیەیان تێدایە، بەڵام کێبڵە هەرزانەکان لێی بێبەشن و دەبنە هۆی گەرمبوونی پاتری و خێراتر تێکچوونی.

لە کۆتاییدا، جێبەجێکردنی چەند هەنگاوێکی سادە وەک نوێکردنەوەی بەردەوام، ڕیستارتکردنی ناوبەناوی مۆبایل، پێداچوونەوە بە مۆڵەتی ئەپەکان و دوورکەوتنەوە لە سەرچاوە و کێبڵە نەناسراوەکان، پارێزگارییەکی تەواو لە کارایی و تەمەنی مۆبایلەکەت دەکات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 111 Today: 2,783 📊 Click Here