قائیمقامیەتی سلێمانی کێڵگەکانی سەوزەی لە تانجەرۆ لەناوبرد

سەیرکراوە: (2)

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی و رێگریکردن لە سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی هەڵمەتێکی فراوانیان لە سنووری ناوچەی تانجەرۆ بۆ تێکدان و لەناوبردنی ئەو کێڵگانەی سەوزە ئەنجامدا کە بە ئاوی قورس (ئاوەڕۆ) ئاو دەدرێن.

بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: “ئەم هەڵمەتە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و بەشی زیادەڕۆیی لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بەڕێوەچوو، بە ئامانجی تێکدان و لەناوبردنی یەکجارەکیی تەواوی ئەو کێڵگانەی سەوزە کە بەهۆی بەکارهێنانی ئاوی پیس و نەشیاوەوە، مەترسییەکی راستەقینە لەسەر ژیان و تەندروستیی هاوڵاتییان دروست دەکەن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرهەمی ئەو کێڵگانە بە هیچ شێوەیەک شیاوی خواردن نین و بەکارهێنانیان دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک کۆلێرا و دروستبوونی ژەهراویبوون لە کۆئەندامی هەرسدا.

جەختیشی کردەوە، کە پشکنین و چاودێرییەکانیان بەردەوام دەبن و بە هیچ جۆرێک رێگە بە کەس نادرێت سەلامەتیی هاوڵاتییان بکاتە قوربانی دەستکەوتی ماددی.

ناوچەی تانجەرۆ بەهۆی نزیکی لە هێڵی ئاوەڕۆی سەرەکی شاری سلێمانی، بەردەوام رووبەڕووی ئەم جۆرە سەرپێچییە ژینگەی و تەندروستییانە دەبێتەوە، هاوکات قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی هۆشداری دەداتە سەرپێچیکاران کە لە کاتی دووبارەکردنەوەی ئەم کارەدا، رووبەڕووی توندترین رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 120 Today: 2,123 📊 Click Here