وەزارەتی دارایی: تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران خرایە سەر هەژماری بانکیی هەرێم و لە نزیکترین کاتدا دابەش دەکرێت
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە (١٣ی تەممووزی ٢٠٢٦)، فەرمیبوونی گەیشتنی پارەی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەت ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی وەزارەتی دارایی، بڕی ٨٤١,١٦١,٠٠٠,٠٠٠ (هەشت سەد و چل و یەک ملیار و سەد و شەست و یەک ملیۆن) دینار وەک تەموویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
وەزارەتی دارایی وردەکاریی ئەو بڕە پارانەی خستووەتە ڕوو کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بڕدراون یان نەنێردراون:
پشکی گەنجینەی فیدراڵی: هاوشێوەی مانگی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی ١٢٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ (سەد و بیست ملیار) دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی حوزەیران لە کۆی گشتیی تەماوێلی مووچەکە بڕیوە.
شایستەی خانەنشینان: سەرەڕای ئەو بڕینە، بڕی ٣,٣٢٦,٩٣١,٠٠٠ (سێ ملیار و سێ سەد و بیست و شەش ملیۆن و نۆسەد و سی و یەک هەزار) دینار لە تەمواێلی مووچەی مانگی حوزەیران نەنێردراوە، کە ئەم بڕە پارەیە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
کاتی ڕاگەیاندنی لیستی مووچە
وەزارەتی دارایی و ئابووری دڵنیایی دەداتە مووچەخۆران کە دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان و وەرگرتنی تەواوی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، ڕاستەوخۆ لیستی فەرمیی مووچە بڵاو دەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەکرێت.










Leave a Reply