پەروەردەی سلێمانی ئامادەکارییەکانی خۆی بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن راگەیاند و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەکان کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە 14ی ئەیلوولی 2026، ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بە سەرپەرشتی نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و ئامادەبوونی بەڕێوەبەری پەروەردەکانی (ڕۆژئاوا، چەمچەماڵ، و سیدسادق) کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا.
باسی لەوەشکردووە، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، تیایدا تیشک خرایەسەر چەند تەوەرێکی گرنگ سەبارەت بە ڕێکخستنی ناوەندەکانی خوێندن و جێبەجێکردنی وردی ڕێنماییە کارگێڕی و پەروەردەییەکان لەپێناو سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندن لە سنوورەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی چەند راسپاردە و ڕێنمایی پێویستی ئاراستەی ئامادەبووان کرد بۆ پێشوازیکردن لە قوتابیان و خوێندکاران.
ئەمەیش لە کاتێکدایە کە ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا بەپەسەندکردنی ساڵنامەی خوێندنی 2026-2027 رۆژی یەکشەممە 20ی ئەیلوولی 2026، دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن بێت.












Leave a Reply