کاتێک حکومەت ناتوانێت نان دابین بکات، نمایشت پێشکەش دەکات!

سەیرکراوە: (1)

ئاکام جەمال

لە سیستەمە سیاسییە ئیفلیج و داڕزاوەکاندا، ستراتیژیەتی بەڕێوەبردن لەسەر بنەمایەک دادەڕێژرێت کە تێیدا جێگرتنەوەی دەستکەوتە ڕاستەقینەکان بە دەستکەوتی وەهمی دەبێتە میتۆدی سەرەکیی دەسەڵاتدارێتی. کاتێک وڵاتێک لە دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییانی پەکی دەکەوێت — کاتێک دابەشکردنی مووچە دەبێتە قەیرانێکی مانگانە، کارەبای نیشتمانی دەبێتە خەونێکی دەستنەکەوتوو، سوتەمەنی و دەرمان لە بازاڕەکاندا بەگرانی پەیدا دەبن، و تەندروستی و پەروەردە بەرەو داڕمانی تەواوەتی دەچن — دەستەبژێری دەسەڵاتدار بڕیار دەدات سەرنجی جەماوەر بۆ لایەکی تر ڕابکێشێت. لەبری چارەسەرکردنی ڕەگوڕیشەی کێشە ئابووری و ئیدارییەکان، دەسەڵات دەست دەکات بە بەرهەمهێنانی ئەو شتانەی کە خەرجییەکی کەمیان دەوێت بۆ نمایشکردن: خولقاندنی درامای بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕێکخستنی فیستیڤاڵ و ڕێوڕەسمی بێناوەڕۆک، وەگەڕخستنی کەسایەتییە مەشهورەکان بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک، و دروستکردنی کەشوهەوایەکی وەهمی لە سەرکەوتن! لەم هاوکێشە بێبەزەییەدا، پرسیارە بکوژ و ئازاربەخشەکە ئەوەیە: لە چ چركەساتێکدا کەرەستەکانی کات بەسەربردن، نمایش و دراما بوونە جێگرەوەی حکومڕانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری؟ لەم واقیبە تاڵ و تەنزئامێزەدا، مرۆڤ ناچارە زمانی حاڵی دەسەڵات بەم شێوەیە دەرببرێت:

“حکومەت ناتوانێت کارەبا و خزمەتگوزاریت بۆ دابین بکات، بەڵام بێگومان دەتوانێت ڕۆژانە دەیان درامای فەیسبووکی و ڕووداوی نمایشی بەخۆڕایی پێشکەش بکات تا لەبیرت بچێتەوە کە گەدەت خاڵییە!” ئەم بەکارهێنانە هۆشیارانەی نمایش نیشانەی زیرەکیی ئیداری یان بەرەوپێشچوونی شارستانی نییە، بەڵکو میتۆدێکی زۆر مەترسیداری بژێویی سیاسییە تا جەماوەر هەمیشە لە حالتێکی سەرگەردانی و مەستیی میدیاییدا بهێڵرێنەوە. کاتێک بەکارهێنانی دەسەڵات تەنیا فێڵی وێنەیی و لێدوانی جەنجاڵ بەرهەم بهێنێت، ئیتر تەواوی پرۆسەی حکومڕانی مانای خۆی لەدەست دەدات و دەگۆڕێت بۆ شانۆگەرییەکی بێ کۆتایی. لە کۆتاییدا، تا ئەو کاتەی هاووڵاتییان هۆشیاریی ئەوەیان نەبێت کە جیاوازی بوبکەن لە نێوان نانی سەر سفڕە و لەفزی سەر شاشەکان، ئەم ڕاستییە تاڵە حاکم دەبێت کە وڵاتێک نان و دادپەروەریی تێدا نەبێت، نمایش دەبێتە تاکە کاڵایەک کە دەسەڵاتدارانی بە خۆڕایی و بە لێشاو بەسەر خەڵکیدا دابەشی دەکەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 145 Today: 2,468 📊 Click Here