ئەمڕۆ سێشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی لە پیرمام پێشوازی لە شاندێكی كەنیسەی ئەرتۆدۆكسی ڕووسیا بە سەرۆكایەتیی مەتڕان ئەنتۆنی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەنیسەی ئەرتۆدۆكسی ڕووسیا كرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا ماكسیم ڕۆبین كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، شاندی كەنیسەی ئەرتۆدۆكسی ڕووسیا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانیان بۆ كوردستان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی مەسعود بارزانی هەبوو، لە قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و ئەو ئاشتی و تەباییەی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستاندا هەیە.
ئەوەشیان دووپاتكردەوە كە بە بایەخێكی زۆرەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكەن كە لە ناوچەیەكدا هەڵكەوتووە سەرچاوەی مرۆڤایەتییە و بڕوای قووڵی بە پێكەوەژیان هەیە.
هەر لەو دیدارەدا بارزانی جەختی لە پەیوەندی و دۆستایەتیی دێرینی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ڕووسیا كردەوە، سەرۆك بارزانی باسی لە چەند نموونەیەكی مێژوویی وەفا و پێكەوەیی پێكهاتەكانی كوردستان كرد بەرانبەر یەكتر لەكاتە سەختەكاندا و ئاماژەشی بەوەدا، خەڵكی كوردستان لە دڵ و بە قەناعەتەوە بڕوایان بە تەبایی و پێكەوەژیان هەیە و ئەو بووەتە فەرهەنگێكی بەهێز كە ڕیشەی لە مێژوودا هەیە و بۆ نەوەكانی ئایندەش دەمێنێتەوە.
