وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ژان نوێڵ بارۆ، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی بی ئێف ئێم تیڤی ڕایگەیاند کە هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران بەندە بە پابەندبوونی تاران بە کۆمەڵێک مەرجی تایبەتەوە، بەوتەی وەزیرەکە، پێویستە ئێران بەتەواوی دەست لە بەرنامە ئەتۆمییەکانی و پەرەپێدانی مووشەکە بالیستییەکانی هەڵبگرێت.
بارۆ جەختی لەوە کردەوە کە هەر چالاکییەکی ئێران کە ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، بەربەستێکی سەرەکییە لە بەردەم ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان.
فەڕەنسا پێشتر نیگەرانی قووڵی خۆی لە زیادبوونی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە دەربڕیوە، کە بە مەترسییەکی جیدی بۆ نزیکبوونەوە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەبینرێت.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ و پاشەکشەی تاران لە پابەندییەکانی، چارەنووسی ئەو ڕێککەوتنە بەرەو نادیاری چوو.
ئێستا فەڕەنسا و هاوپەیمانەکانی جەخت دەکەنەوە کە تاکە ڕێگە بۆ هەڵگرتنی سزاکان، گەڕانەوەی ئێرانە بۆ پابەندبوون بە بەڵێننامە ئەتۆمییەکان و ڕێگەدان بە چاودێری وردی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەسەر دامەزراوەکانی.










Leave a Reply