قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، بەردەوامبوونی حکومەتی کاربەڕێکەر خاڵێکی لاوازە بۆ هەرێمی کوردستان و دواخستنی لەوە زیاتری پێکهێنانی حکومەت زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ باڵیۆزەکانی وڵاتانی ئەوروپا کۆبووەوە و ڕایگەیاند؛ بەردەوامبوونی حکومەتی کاربەڕێکەر خاڵێکی لاوازە بۆ هەرێمی کوردستان و پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و ئاڵنگارییەکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بە تێگەیشتنی نوێوە پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
وتیشی: “دۆخێکی نوێ لە ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە و لەم دۆخە نوێیەدا دواخستنی لەوە زیاتری پێکهێنانی حکومەتی هەرێم زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت”.
قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند کە لە دیدارەکەدا “جەختم لە سیاسەت و هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە کە نەک تەنها نابینە بەشێک لە شەڕ و ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو بەپێی سەنگ و قورسایی خۆمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەمان”.
ئەوەشی خستەڕوو کە “پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ حکومەتی عێراق لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوی گەندەڵی و هەروەها هەنگاوەکانی پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی سیاسیی عێراق دووپات کردەوە”.








Leave a Reply