وێڕای هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ڕێکخستنی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نرخی هەر ئامپێرێکی موەلیدە ئەهلییەکانی تا کۆتایی ئەم مانگە دیاری کرد.
ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بڕیاریدا، بە دیاریکردنی نرخی هەر ئامپێرێکی موەلیدە ئەهلییەکان بە ١٣ هەزار دینار تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو، ئەمەش لە چوارچێوەی کۆمەڵێک بڕیاردا بە مەبەستی ڕێکخستنی کاری موەلیدەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە دابینکردنی سووتەمەنی و نرخەکان.
محەممەد إبراهیم ئەلحافز، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لە کاتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەدا ڕایگەیاند، کە بڕیارە وەرگیراوەکان ڕێکخستنی کاری موەلیدە ئەهلییەکان و چارەسەرکردنی کۆسپەکانی بەردەم دابینکردنی سووتەمەنی و دیاریکردنی نرخەکان لەخۆدەگرێت بە شێوازێک کە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا بێت.
سەرۆکی ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەنجومەن بڕیاریداوە داواکارییەک ئاڕاستەی وەزارەتی نەوت بکات بۆ داواکردنی زیادکردنی پشکی پارێزگای کەرکوک لە نەوت و گاز بە ڕێژەی ٪٣٠.












Leave a Reply