بڕیارەكەی حكومەتی عێراق بۆ ناردنی نەوتی سپی ماڵان بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بە نرخی هەرزان، كاریگەری كردە سەر بازاڕی نەوت لە هەرێم و نرخەكەی ڕووی لە دابەزین كرد.
دوێنێ یەك شەممە 2ی 11ی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویكردەوە، لەسەر فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیران نەوتی سپی بۆ خەڵكی هەرێم بە نرخی پاڵپشتی كراو دەنێرین.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو نەوتەی بڕیاری لێ دراوە ڕەوانەی هەرێم بكرێت تەنها 50 ملیۆن لیترە و بەشی 18%ی ماڵان دەكات لەكاتێكدا پێویستمان بە زیاتر لە 264 ملیۆن لیترە.
ڕاشیگەیاند، هەر لیترێك بە نرخی پاڵپشتی كراوی عێراق بە 250 دینار دەدرێت بە ماڵان، كە بەرمیلێكی 200 لیتری دەكاتە 50 هەزار دینار.
لە وەڵامی سامانە سروشتییەكاندا، وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت: وەجبەی دیکەی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرین.
هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، سەردانی باسم محەمەد، وەزیری نەوتی عێراقی کرد، لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری نەوتی عێراق دووپاتی كردەوە كە وەك هاوكاری و پشتیوانییەك بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان 50 ملیۆن نەوتیان ناردووە و لە هەوڵدا دەبن بۆ دابینكردن و ناردنی وەجبەی دیكەی نەوتی سپی و هەوڵەكانیان بەردەوام دەبێت.
هاوكات، رزگار عەبدوڵا، كە كاری فرۆشتنی سووتەمەنی دەكات بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دابەشكردنی نەوت لەلایەن حكومەتەوە كاریگەری لەسەر نرخی بازاڕ دەبێت و بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا نرخەكەی هەرزان دەكات.
وتیشی، “ئێستا لە بۆرسە نرخی بەرمیلێك دابەزیوە بۆ نزیكەی 280 هەزار دینار واتە نزیكەی 30 هەزار دابەزیوە، بەڵام هێشتا لە بازاڕدا هەر بە نزیكەی 320 هەزار دینارە”.
ساڵانی ڕابردوو حكومەتی هەرێم خۆی نەوتی سپی دابەش دەكرد بۆ هەر خێزانێك بەرمیلێكی 200 لیتری دەدا بە 104 هەزار دینار، بەڵام ماوەی دوو ساڵە خۆی لە دابەشكردنی نەوت بێدەنگ كردووە و چاوەڕێی حكومتی عێراق نەوت بنێرێت بۆ دابەشكردن لەكاتێكدا ڕۆژانە عێراق لە نەوتی خاوی بەرهەمهێنراوی هەرێم بڕی 50 هەزار بەرمیل دەداتەوە بە حكومەتی هەرێم بۆ پاڵاوتنی ناوخۆیی و بەرهەمهێنانی نەوتی سپی و بەنزین و گازوایل.












Leave a Reply