شەممە. ئازار 14th, 2026

دۆخی سلێمانی بەرەو کوێ؟

سەیرکراوە: (17.3K)

سەربەست سەعید ساڵح

ئەو شارەی هەمیشە وەک پایتەخت و ناوەندی ڕۆشنبیری و مەشخەڵ و دەنگی ئازادی ناسراوە، ماوەیەکە دۆخێکی نائاسایی بەخۆوە دەبینێت، ناڕەزایەتییەکان لەسەر خراپیی گوزەران، گەندەڵی، نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و مووچە گەیشتوونەتە لووتکە، لەم نێوەندەدا، پرسی بەکارهێنانی دامەزراوە دادوەرییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە، بووەتە جێگەی مشتومڕێکی گەورە، بەو ئاڕاستەیەی، کە ئایا دادگە دەبێتە قەڵغانێک بۆ دەستەڵات یان چەکێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان.

ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە حکوومڕانی لە سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمی کوردستان بە گشتی، بە قۆناغێکی سەختی شکست و کەمترین متمانەی جەماوەریدا تێدەپەڕێت، نەبوونی مووچە، قەیرانی دارایی بێکاری و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، پەرداغی تووڕەیی خەڵکی سەرڕێژکردووە. لە کاتێکدا دەستەڵات لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا شکستی هێناوە، ناچارە ڕووبەڕووی شەقامێکی تووڕە و ماندوو ببێتەوە، کە چیتر ئامادە نییە بێدەنگ بێت، ئەم دۆخە، دەستەڵاتی خستووەتە ژێر فشارێکی زۆرەوە و بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێت، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت.

ئەوەی جێگەی نیگەرانیی قووڵە، بەکارهێنانی دامەزراوە دادوەرییەکانە، ئەمیش وەک ئامڕازێک بۆ کپکردنی دەنگە ناڕازییەکان. لەجیاتی ئەوەی دادگە وەک داڵدەیەکی پارێزەری ماف و ئازادییەکان بێت، ئەوا لە دۆخێکی ئاوهادا دەکرێت بە چەکێک بۆ ترساندن و دادگەییکردنی ڕکابەرە سیاسییەکان، چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان و هەر کەسێک کە ڕەخنە لە دەستەڵات دەگرێت، ئەم کردارە نەک تەنیا بنەماکانی دادپەروەری و سەروەریی یاسا دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکوو شکۆی دەستەڵاتی دادوەری و دەزگە ئەمنییەکانیش دەشکێنێت، چونکە بە ئاشکرا دەردەکەوێت، کە ئەوانیش بوونەتە ئامڕازی حزب و بەرژەوەندییە تایبەتییەکان.

بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان بە زۆر و بەکارهێنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ئەم مەبەستە، تەنیا کات دەکڕێت و کێشەکان بۆ ماوەیەکی کاتی دەشارێتەوە. ئەم جۆرە سیاسەتانە لە درێژخایەندا دەبنە هۆی تەقینەوەیەکی گەورەتر و زیاتر تێکچوونی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی. خەڵک کاتێک دەبینێت دەنگەکەی نابیسترێت و مافەکانی پێشێل دەکرێن، پەنا بۆ ڕێگەی دیکە دەبات، کە زۆر جار تووندوتیژیی و پشێوی بەدوای خۆیدا دەهێنن. دەبێت ئەوەش بزانین کە بەکارهێنانی دادگە بۆ بێدەنگکردنی خەڵک، نیشانەی لاوازی و شکستی حکوومڕانییە، نەک بەهێزیی، مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ دەستەڵاتێک بە بێدەنگکردنی خەڵک و پێشێلکردنی مافەکانیان، نەیتوانیووە بەردەوام بێت. کاتی ئەوە هاتووە کە دەستەڵات لە سلێمانی گوێ لە دەنگە ناڕازییەکان بگرێت و بەجددی کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکات، پێش ئەوەی ئارامی خەڵک لەدەست دەربچێت و تووڕەییەکەیان بتەقێتەوە و ببێتە هۆی پاشهاتگەلێکی نەخوازراو.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 34 Today: 100 📊 Click Here