لەگەڵ هاتنی مانگی ئۆکتۆبەردا، لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کولەکە سەرنجی هەمووان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، بەڵام هەرکە ئاهەنگەکانی هالووین کۆتایی دێت، ئەم خۆراکە رەنگ پرتەقاڵییە پڕ لە سوودە لەبیر دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لەو خۆراکانەی کە زۆرترین سوودیان هەیە و فرەچەشنن لە وەرزی پاییز و زستاندا.
سەرچاوەیەکی سروشتیی وزە و بەرگری
کولەکە کارۆتیناتی تێدایە، کە ڕەنگە پرتەقاڵییە درەوشاوەکەی پێ دەبەخشێت، و دیارترینیان بێتا کارۆتینە کە لە جەستەدا دەگۆڕێت بۆ ڤیتامین “A”، کە بۆ تەندروستیی بینین و پێست و بەرگری پێویستە.
توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە سیستمێکی خۆراکیی دەوڵەمەند بەکارۆتینات هەوکردن کەمدەکاتەوە و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، وەک نەخۆشییەکانی دڵ و هەندێک جۆری شێرپەنجە، کەمدەکاتەوە.
هەروەها کولەکە سەرچاوەیەکی باشی ڤیتامین “C”یە کە بەرگری بەهێز دەکات و یارمەتی بەرهەمهێنانی کۆلاجین دەدات، جگە لە پۆتاسیۆم کە ئاستی سۆدیۆم هاوسەنگ دەکات و پشتگیریی تەندروستیی دڵ دەکات.
دەوڵەمەند بە ڕیشاڵ و ئاسان بۆ هەرسکردن
هەر ١٠٠ گرام کولەکەی کوڵاو زیاتر لە دوو گرام ڕیشاڵی تێدایە، کە یارمەتی جێگیرکردنی شەکری خوێن و باشترکردنی تەندروستیی ڕیخۆڵەکان دەدات و هەستی تێربوون دەبەخشێت.
سروشتی شیرینییەکەی وای لێدەکات ببێتە جێگرەوەیەکی تەندروست لە خواردنەکاندا..
تۆوی کولەکە.. بچووک بەڵام کاریگەرییەکی گەورە
تۆوی کولەکە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین سەرچاوەی سروشتیی کانزاکان ناسراوە، بەتایبەتی زینک، مەگنیسیۆم و سێلینیۆم، کە توخمگەلێکی سەرەکین بۆ بەرگری، تەندروستیی غودەی دەرەقی و هاوسەنگیی هۆرمۆنەکان.
هەروەها تۆوەکان ڕیشاڵ و پرۆتینی ڕووەکییان تێدایە کە تەندروستیی ڕیخۆڵەکان باشتر دەکەن لە ڕێگەی خۆراکدانی بەکتریا سوودبەخشەکانەوە.
توێژینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕۆنی تۆوی کولەکە لەوانەیە هەوکردنی ڕیخۆڵەکان کەمبکاتەوە و هەرسکردن باشتر بکات.
تۆوی کولەکە ترایپتۆفانی تێدایە، ترشێکی ئەمینییە کە لە جەستەدا دەگۆڕێت بۆ سیرۆتۆنین و مێلاتۆنین، کە هۆرمۆنەکانی میزاج و خەونن، بۆیە ئامۆژگاری دەکرێت بڕێکی کەم لەم تۆوانە پێش خەوتن بخورێت وەک ڕێگەیەکی سروشتی بۆ باشترکردنی کوالێتیی خەو.
